سودانی: رێگای گەشەپێدان ئابووریی عێراق دەبووژێنێتەوە

وێنەی کۆبوونەوەکە فۆتۆ: نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق

سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی قۆناغەکانی جێبەجێکردنی پرۆژەی رێگای گەشەپێدان رایگەیاند، دەبێت سەرجەم بەربەست و رێگرە هونەریی و یاساییەکان لەبەردەم پرۆژەکەدا نەهێڵرێن، لەبەرئەوەی رێگای گەشەپێدان گرنگییەکی تایبەتیی هەیە بۆ بوژانەوەی ئابووریی عێراق.

رۆژی پێنجشەممە، 4ی نیسانی 2024، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەرپەرشتیی شەشەمین کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای رێگای گەشەپێدانی کرد و تاوتوێی بوارەکانی جێبەجێکردنی رێنمایی و راسپاردەکانی کرد کە پەیوەندیدارن بە گومرگ، باج و ترانزێت لەنێو سیستمی بەڕێوەبردنی پرۆژەکەدا.

بەگوێرەى راگەیاندراوێکی نووسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا باسی رۆڵ و ئەرکی ئەو شاندە دیپلۆماسییە کراوە کە بڕیارە بەهاوئاهەنگیی لەگەڵ لایەنی تورکیا سەردانی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا بکەن، بۆ دەستنیشانکردنی وێستگە پەیوەندیدارەکان بە پرۆژەی رێگای گەشەپێدانەوە.

لیژنەی باڵای رێگای پەرەپێدان تاوتوێی گرەنتیکردنی لابردنی هەر ئاستەنگێکی هونەریی و یاسایی کردووە کە لەسەرجەم ناوچەکان رووبەڕووی پرۆژەی گەشەپێدان دەبێتەوە.

سودانی جەختی لەوەکردووەتەوە، رێگای گەشەپێدان گرنگییەکی تایبەتی هەیە بۆ بوژاندنەوەی ئابووری عێراق، هەربۆیە دەبێت سەرجەم دەزگا، فەرمانگە، لایەنە حکومیی و یەکە ئیدارییەکان کە دەکەونە نەخشەی رێگای پەرەپێدان هاوئاهەنگیی بکەن بۆ نەهێشتنی بەربەستەکان.

لیژنەی باڵای رێگای پەرەپێدان باسی ئەو بەرەوپێشچوونانەیان کردووە کە لە بونیادنانی پێنج بەندەری نوێی گەورە لە فاو بەڕێوەدەچێت.

رێگای پەرەپێدان، پرۆژەی دروستکردنی رێگای گواستنەوەی وشکانییە بۆ بارهەڵگر و شەمەندۆفێر، بەندەرەکانی بەسرە بە بەندەرەکانی وڵاتی تورکیا و ئەوروپا گرێدەدات، بڕیارە لەماوەی چوار ساڵدا بە گوژمەی 17 ملیار دۆلار دروستبکرێت و لەناو خاکی عێراقدا رێگەکە بەنزیکەیی 1200 کیلۆمەترە، بەبێ ئەوەی بە هەرێمی کوردستاندا تێپەڕێت، لە دەروازەی ئۆڤاکۆی دەگاتە خاکی تورکیا.