یاریزانانی رانیە هەڕەشەی بایکۆت دەکەن

یاریزانانی یانەی رانیە. فۆتۆ: سۆشیال میدیا

یانەی رانیە، دوای 23 ساڵ چاوەڕوانی بۆ گەڕانەوەی بۆ خولی نایابی کوردستان، خەریکە ریسەکەی لێدەبێتەوە بە خوری.

رانیە، داهاتی ساڵانەی تەنیا 20 ملیۆن دینارە، بەڵام مووچەی مانگانەی یاریزانانی یانەکە 40 ملیۆن دینارە، بۆیە یاریزانان ماوەی 40 رۆژە بەهۆی وەرنەگرتنی مووچەکانیان هەڕەشەی بایکۆت دەکەن و رۆژی دووشەممەی داهاتوویان وەک دوا وادە داناوە بۆ یانەکەیان بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان.

بەرپرسانی یانەکە رایدەگەیەنن : "سەرەتای هەفتەی داهاتوو لەگەڵ بەرپرسانی ناوچەکە و سەرمایەداران کۆدەبینەوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، ئەگەر چارەسەر نەبێت، ناچارین دەرگای یانەکە دابخەین".

کەناڵ8، زانیوویەتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاریداوە بڕی 70 ملیۆن دینار بە دووجار بدات بە یانەکە بۆ چارەسەرکردنی بەشێک لە کێشە داراییەکانیان.

رانیە بۆ وەرزی 2023-2024 گۆڕانکاری زۆری لە پێکهاتەی تیپەکەدا ئەنجامداوە بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی شایستە کە لەئاست ناوبانگی یانەکە و ناوچەکەدا بێت.