داهاتى وەرزشی ژنان یەک ملیار دۆلار تێدەپەڕێنێت

داهاتی وەرزشی ژنان بەردەوامە لە زیادبوون - فۆتۆ: AP

کۆمپانیاى دیلۆیت بۆ وردبینى دارایی ئاشکرایکرد، بەهۆی زیادبوونی هاندەران، ساڵی داهاتوو داهاتی رووداوە وەرزشییەكانی ژنان بۆ یەكەمجار یەك ملیار دۆلار تێدەپەڕێنێت.

دیلۆیت لە راپۆرتێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، دواى ئەو سەرکەوتنە گەورەیەى مۆندیالى ژنانى 2023 لە ئوسترالیا و نیوزلەندا بەدەستیهێنا، پێشبینیدەکرێت کۆى داهاتى وەرزشى ژنان لە ساڵى 2024 بگاتە ملیارێک و 280 ملیۆن دۆلار، کە بەتەنیا تۆپى پێ 555 ملیۆن دۆلار لە کۆى داهاتەکە پێکدەهێنێت.

ئەوەش هاتووە، زیاتر لە 50%ى داهاتى وەرزشى ژنان سەرچاوەکەى ئەمریکاى باکوور دەبێت، سەرەڕاى زیادبوونى جەماوەرى تۆپى پێى ژنان لە ئەوروپا.

هەروەها کۆمپانیاى دیلۆیت پێشبینیکردووە هەڵسەنگاندنى یانە و پاڵەوانێتییەکان بەردەوام لە بەرزبوونەوەدا بێت و بەهاى ژمارەیەک یانە بگاتە 100 ملیۆن دۆلار لە ساڵى داهاتوودا.