گۆشت بخۆ بێئەوەی هیچ ئاژەڵێک سەربڕابێت!

گۆشت لە تاقیگەدا دروستدەکرێت بێئەوەی ئاژەڵی بۆ سەرببڕن

وینستۆن چەرچڵ، سیاسەتوانی بەناوبانگی جیهانی و سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، نزیکەی سەدەیەک لەمەوبەر وتوویەتی: "دەبێ ئەو بێماناییە بەجێ بهێڵین کە مریشکێک تەنها بۆ ئەوە بەخێو بکەین، سنگ و رانەکەی بخۆین... ئەویش بەوەی سنگ و رانەکە بە جیا و لە ناوەندێکی گونجاودا دروستبکەین".

وادیارە ئەوەی ئەوکاتە لای چەرچڵ خەون بوو، ئێستا بووەتە راستی.

بەڵێ ئێستا کام گۆشتەی دڵخوازی تۆیە، لە تاقیگەدا بۆت دروستدەکەن!

ئێستا تاقیگەی گەورە هەن کە کاریان دروستکردنی هەموو جۆرەکانی گۆشتە لە تاقیگەدا، هەر لە گۆشتی مەیشک تاوەکوو بەرخ و گوێرەکە و بەراز و زۆری دیکە بەپێی خواستی چێشتخانەکان.

تاقیگەکان خانەی پەلەوەر یان ئاژەڵ دێنن و لە کەمۆڵەیەکی شوشەدا دەیچێنن و باردودۆخێکی بۆ دروستدەکەن کە زیادبکات و گەورە ببێت، خانە دەبێتە شانە و چەندین شانە پێکەوە دەبنە ماسولکە و چەوری، کە بەپێی بارودۆخی چاندنەکەی و جۆری خانەکە دەکرێ بیکەیتە گۆشتی سنگ، ران، یان هەر بەشێکی دیکەی ئاژەڵ یان پەلەوەرەکە.

لە دوا قۆناغدا دەبێت بەو گۆشتەی تاقیگەکە خوازیاریەتی و دەیفرۆشێت بە چێشتخانەکان تا بیکەنە ژەمێکی بەتام بۆ کڕیارەکانیان.

ئێستا چەندین رێستۆرانت لە ئەمریکا، ئەوروپا و ئیسرائیل هەن کە تەنیا گۆشتی دەستکرد پێشکەشی کڕیارانیان دەکەن و دەڵێن کە ئامادە نین پەلەوەر و ئاژەڵ سەرببڕن لەپێناو تێرکردنی مرۆڤ!

چەندین کڕیاریش دەڵێن ئاسوودەین کە تامی گۆشت دەکەین، بێئەوەی هیچ ئاژەڵێک بوبێتە قوربانیی حەزی ئێمە!

بەپێی ئامارە بەردەستەکان، ساڵی 2022  داهاتی گۆشتی دەستکرد 221 ملیۆن دۆلار بووە، و چاوەڕواندەکرێت ساڵی 2030 بگاتە 592 ملیۆن دۆلار.

دروستکردنی گۆشت لە کەمۆڵەی تاقیگەدا، لە خزمەت ژینگە، تەندروستیی ئاژەڵ، تەندروستیی مرۆڤ، ئاساییشی خۆراک و تەنانەت کەمکردنەوەی گەرمبوونی زەویشدایە.

بەڵام زیاتر بڵاوبوونەوەی ئەم گۆشتە، پێویستی بە کاڵکردنەوەی دڵەڕاوکێ ئایینی و کەلتورییەکانە، ئەویش لە رێگای بڕیاردانی کەسانی بوێر و رووناکبیر لەناو کۆمەڵگەکاندا!