سوودانی دروستكردنی 10 شاری نوێی نیشتەجێبوونی راگەیاند

سەرۆكوەزیرانی عێراق لەمەراسیمی راگەیاندنی پڕۆژەی دروستكردنی 10 شاری نوێی نیشتەجێبوون. فۆتۆ: ماڵپەری حكومەتی عێراق

محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند "بەمزووانە 10 شاری نوێی نیشتەجێکردنی هاوچەرخ لە چەند پارێزگایەکی عێراق دروستدەكرێن".

محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە مەراسیمی دەستپێکردنی کارکردن لە پرۆژەی شاری جەواهیری بۆ نیشتەجێبوون لە شارۆچكەی ئەبوغرێب لە خۆرئاوای بەغدادی پایتەخت ئاماژەی بەوە كرد "ستراتیجیەتی حکومەت بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی نیشتەجێبوون و کەمکردنەوەی قەرەباڵغی لە ناوەندیی شارە گەورەکان دەستپێدەکەن".

گوتیشی "پێشتر حکومەت هەندێک شوێنی نیشتەجێبوونی دروستکردووە، بەڵام بەهۆی بودجەوە بەشێکی زۆریان تا ئێستاش پەکیان کەوتووە و تەواو نەکراوون".

روونیشیكردەوە "پێشتر دابەشکردنی زەوی بەشێوەیەکی هەڕەمەكییانە بووە و هیچ خزمەتگوزارییەکی تیا دابیننەکراوە، هەموو ئەوانە نەبووە هۆی کۆتاییهێنان بە قەیرانی نیشتەجێبوون، بۆیە بیرمان لە دروستکردنی شاری هاوچەرخ کردەوە، کە هەموو خزمەتگوزارییەکانی نیشتەجێبوونی بۆ دابین بكرێت".

بەگوێرەی سەرۆكوەزیرانی عێراق "شوێنی جێبەجێکردنی پرۆژەکان لە دەوروبەری ناوەندیی شارەکان دەبێت، بۆیە بڕیار درا لە هەریەکە لەشارەکانی بەغداد و نەینەوا و ئەنبار و کەربەلا و بابل شاری نموونەیی و هاوچەرخ بنیات بنرێن، چەند شارێکیان چوونەتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە، ئەمڕۆ بەردی بناغەی پێنجەمیان لە قەزای ئەبوغرێب دانرا و بەمزووانەش لە پارێزگای نەینەوا و بابل و کەربەلاش دەستپێدەکرێت".