ژمارەی بەکارهێنەرانی چاتبۆتی ئێرنی بەرزدەبێتەوە

ئێرنی بۆت، چاتبۆتێکی کۆمپانیای بایدوی چینییە، هاوشێوەی چات جی پی تی بە ژیریی دەستکرد کاردەکات و توانای وەڵامدانەوەی پرسیارەکانتی هەیە.

 هەرچەندە لە سەرەتای بڵاوکردنەوەی داخوازییەکان لەسەری کەمبوو، بەڵام بەرپرسی تەکنەلۆجیای کۆمپانیاکە، وانگ هایفێنگ دەڵێت، بەکارهێنەرانی چاتبۆتەکە 100 ملیۆن کەسیان تێپەڕاندووە.

ئێرنی بۆت لە ساڵی 2019 وە لە گەشەپێداندابووە، لە رۆژی 17ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا، چاتبۆتەکە بڵاوکرایەوە، ئەمەش لەدوای بڵاوبوونەوەی چات جی پی تی کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای لە کۆتای ساڵی 2022، کە لەماوەیەکی کەمدا ناوبانگێکی زۆری پەیداکرد و بەهای کۆمپانیاکەی بۆ 80 ملیار دۆلار بەرزکردەوە.

ئێرنی بۆت هەرچەندە لە پێشەنگی ژیرییە دەستکردەکانی چیندایە، بەڵام نمرەی 79ی لە 100 پێدراوە و بە 10 خاڵ لەدوای چاتبۆتەکەی ئۆپن ئەی ئایەوە دێت.