جێگری سەرۆکی یانەی هەولێر دەستی لەکارکێشایەوە

سەڵاحەدین سیامەند، جێگیری پێشووی سەرۆکی یانەی هەولێر. فۆتۆ: GOOGLE

سەڵاحەدین سیامەند، جێگری سەرۆکی یانەی هەولێر دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەشکرد، داواش لە ئەندامانی دیکەی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی یانەکە دەکات، شوێنپێی بگرن و ئەوانیش دەستلەکاربکێشنەوە.

دوای زنجیرەیەک ئەنجامی خراپ و قەیرانی دارایی، هەروەها پێنەدانی شایستەی دارایی یاریزانان و بایکۆتی یاریزانە دەرەکییەکان، سەڵاحەدین سیامەند، جێگری سەرۆکی یانەی هەولێر دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەشکرد، ناوبراو ئاماژەشی بەوەکردووە، کە ئیدارەی یانە هەرگیز لە ئەرکەکانیدا سەرکەوتوو نەبووە  و پێویستە ئەندامەکانی دیکەی ئەنجوومەنی کارگێڕی بە هەمانشێوە دەستلەکاربکێشنەوە.

سیامەند ئاماژە بەوە دەکات، کە ئاگاداری زۆرینەی گواستنەوەکان نەبووە، تەنانەت تێبینی لەسەر ئەو ناوانەش هەبووە کە بۆ یانەکە دابینکراون.

هەروەها لەبارەی قەیرانەکانەوە ئاماژەی بەوەشکردووە، کە 17 یاریزان تاوەکو ئێستا سکاڵایان دژی یانەکە تۆمارکردووە.

یانەی هەولێر لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، لە دوایین یارییدا بە ئەنجامی (1-1) بەرامبەر نەفتی میسان یەکسانبوونی تۆمارکرد، لەکۆی ئەم وەرزەدا و بە 12 یاری، تەنیا سێ بردنەوەیان تۆمارکردووە و شەش یارییان دۆڕاندووە، بە 12 خاڵەوە لە پلەی 15ی ریزبەندییدان.