یانەی رزگاری یوسف فەوزی لە میدیاکان دەشارێتەوە

یاریزانانی یانەی رزگاری. فۆتۆ: وشیار ئەکرەم

لە یارییەکانی هەفتەی هەشتەمی خولی پلەیەکی کوردستان، یانەی رزگاری بوو بە میوانی یانەی قەڵادزێ، یانەی رزگاری پێش یارییەکە پێکهاتەی یارییەکەیان بڵاونەکردەوە، لە کاتی گرتنی وێنەی پێکهاتەی بەر لە یارییەکەش، یاریزانێکی یەدەگ دەبینرێت کە ناوی لە پێکهاتەکەی سەرەکیشدا نییە، بەڵام لەگەڵ دەستپێکی یارییەکەدا یاریزانێکی جیاواز دەردەکەوێت ئەویش یوسف فەوزی، یاریزانی یانەی قووە جەوییەیە، کە وەرزی رابردوو بەهۆی ئاستە بەرزەکەیەوە بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراقیش کرا، ئەم وەرزەش لەگەڵ یانەکەیدا دوو گۆڵی تۆمارکردووە لە خولی ئەستێرەکانی عێراق.

یادگار فەتاح، سەرۆکی یانەی رزگاری بە کەناڵ8ی راگەیاند، گرێبەستیان لەگەڵ یوسف فەوزی واژۆ نەکردووە، یاریزانەکە لە بنەرەتدا یاریزانی رزگارییە، بەڵام رێگاپێدانیان لە قووە جەوییە وەرگرتووە تاوەکو کۆتاییهاتنی جامی ئاسیا یوسف لەگەڵ یانەکەدا یاریبکات.

خولی ئەستێرەکانی عێراق 45 رۆژ بەهۆی یارییەکانی ئاسیاوە دەوەستێت، ئەمەش ئەستێرەکەی عێراقی ناچارکردووە بگەڕێتەوە یانە دڵخوازەکەی.

یوسف فەوزی، پێشتر یاریزانی رزگاری بووە و لە چوار وەرزی رابردوودا کاتێک لە کەرخ یاریی کردووە، بەردەوام لە وەستاندنی خولی عێراقیدا یاریی بۆ یانەی رزگاری کردووە.