شاری نوێی سەدر لە بەغداد دروستدەکرێت

یەکێک لە شەقامەکانى شارى سەدر لە بەغداد. فۆتۆ:AP

حکومەتی عێراق لەنێو قەیرانی نیشتەجێبوونی هەزاران خێزانی هەژار و کەمدەرامەتی ناوچەی سەدر، دەیەوێت چارەسەرێک بدۆزێتەوە و شارێکی نیشتەجێبوونی نوێ دروستبکات، سەرۆکی لیژنەی خزمەتگوزاریش لە ئەنجوومەنى نوێنەران رایگەیاند، شارە نوێیەکە 70 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لەخۆدەگرێت.

بڕیارە دروستکردنی شارەکە بە سێ قۆناغ جێبەجێبکرێت، کۆمپانیا نێودەوڵەتییە تایبەتمەندەکان دیاریدەکرێن بۆ دەستپێکردنى جێبەجێکردنی قۆناغی یەکەمی دروستکردنی یەکەکان.

عەلی حەمداوی، سەرۆکی لیژنەی خزمەتگوزاری لە پەرلەمانی عێراق بەرۆژنامەی فەرمى عێراقى راگەیاندووە، پرۆژەکە دروستکردنی شارێکی نیشتەجێبوونی نوێیە لە بەغداد، بەمەبەستی کەمکردنەوەی چڕی دانیشتووان لە ناوچەی سەدر کە یەکێکە لە قەرەباڵغترین ناوچەکانی نیشتەجێبوون لە جیهاندا، هەروەها چارەسەرکردنی قەیرانی نیشتەجێبوون.

بەگوتەی حەمداوی، گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیایەکی راوێژکاریی و کۆمپانیایەکی دیکەی دیزاین واژۆ کراوە، هەروەها داواکاری پێشکەشکراوە بۆ دروستکردنی ژێرخانی ئابوری و زیاتر لە 20 کۆمپانیای ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بۆ کارکردن لە پرۆژەکە داواکارییان پێشکەشکردووە، بڕیارە لەماوەی سێ ساڵدا تەواوبکرێت.

پرۆژەی "شاری نوێی سەدر" لە رۆژهەڵاتی بەغدادە، بە گرنگترین پرۆژەی پایتەختی عێراق دادەنرێت کە لەلایەن حکومەتەوە پەسەندکرا هاوشانی پێنج شاری نوێی دیکە، ئەوەش لە چوارچێوەی پلانەکانی چارەسەرکردنی قەیرانی نیشتەجێبوون و دروستکردنی گۆڕانکاریی چۆنایەتی لە خانووبەرەی شارەکانی عێراق.

هاوکات نەبیل سەفار، گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن رایگەیاندووە، جگە لەناوچەی نوێی سەدر شارێکی دیکەش لە بەغداد دروستدەکرێت کە بریتییەلە شاری جەواهیری لە ناوچەی ئەبوغرێب، 30 هەزار یەکەى نیشتەجێبوونی تێدایە.