سندوقی دراوی نێودەوڵەتی: ژیریی دەستکرد کاریگەری لەسەر کارەکانی جیهان دەبێت

کریستالینا جۆرجیڤا، سەرۆکی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی
کریستالینا جۆرجیڤا، سەرۆکی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی

سندوقی دراوی نێودەوڵەتی رایگەیاند، لە %40ی کارەکان لە سەرانسەری جیهان، بە پێشکەوتنی ژیریی دەستکرد کاریگەردەبن هەروەها تەکنەلۆجیاکە دەبێتە هۆی زیادکردنی نایەکسانی.

رۆژی یەکشەممە، 14ی کانوونی دووەمی 2024، کریستالینا جۆرجیڤا، سەرۆکی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، لە راگەیەندراوێکدا داوای لە حکومەتەکان کرد تۆڕی سەلامەتی کۆمەڵایەتی دابمەزرێنن و پلانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی کاریگەرییەکانی ژیریی دەستکرد هەبێت.

لە کاتێکدا ژیریی دەستکرد بەردەوامە لە پێشکەوتنەکانی و خۆگونجاندن لەگەڵ کۆمپانیاکاندا، چاوەڕواندەکرێت لە هەمانکاتدا یارمەتی و زیانیش بە هێزی کاری مرۆڤ بگەیەنێت.

جۆرجیڤا گوتیشی پێشبینیدەکرێت، کاریگەرییەکانی ژیریی دەستکرد، لە ئەو وڵاتانەی ئابوورییەکی پێشکەوتوویان هەیە زیاتر هەستی پێبکرێت، لەوانەیە لە ئابوورییە پێشکەوتووەکاندا، ژیریی دەستکرد کاریگەری لەسەر نزیکەی %60ی هەلی کارەکان هەبێت.