مۆڵەتی کارکردنی بانکی نیشتمانیی ئێران لە عێراق هەڵوەشایەوە

لۆگۆی بانکی ناوەندیی عێراق

بانکی ناوەندیی عێراق ئاشکرایکرد، بەهۆی گەمارۆکانی سەر ئێران، کارەکانی بانکی نیشتمانیی ئێرانی لە عێراق هەڵوەشاونەتەوە.

عەمار حەمەد خەلەف، جێگری بانکی ناوەندیی عێراق نووسراوێکی فەرمیی بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بانکی نیشتمانیی ئێران رەوانەکردووە و تیایدا هاتووە، "بە سەرنجدان لە زیانەکانی لقی بانکەکەتان لە عێراق و سنوورداربوونی کارەکانی و نەبوونی دەرفەت بۆ بەربڵاوکردنی کارەکانی، مۆڵەتی کارکردنی بانکی نیشتمانیی ئێران لە عێراق هەڵوەشاوەتەوە".

ئەو بەڵگەنامەیە لە ماڵپەڕی میدل ئیست نیوز بڵاوکراوەتەوە و بەرواوی 21ی کانوونی دووەمی 2024ی لەسەرە، بەگوێرەی ئەو بەڵگەنامەیە، کارەکانی ئەو بانکە لە عێراق دەستکەوت و سوودی نییە و هەروەها بانکەکە لە لیستی سزا نێودەوڵەتییەکاندایە.

هاوکات ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، لە دوای گەشتی بەرپرسانی گەنجینەی ئەمریکا لە 5ی شوباتدا بۆ عێراق، بڕیادراوە لە چوارچێوەی رێگریکردن لە سپیکردنەوەی پارە و مامەڵەی نایاسایی بە دراوی بیانییەوە، مامەڵەی هەشت بانک بە دۆلاری ئەمریکی لەگەڵ بانکی ناوەندیی عێراق قەدەغەکراوە.

بەگوتەی بەرپرسانی ئەمریکا، عێراق بووەتە ناوەندێک بۆ بە قاچاخبردنی دۆلار بۆ ئێران و هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی کارکردنی بانکی نیشتمانیی ئێران بۆ رێگریکردنە لە گواستنەوەی دۆلار بۆ ئێران.

هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەو بەڵگەیەدا شاندێکی ئێرانی بە سەرۆکایەتیی عەلی ئەکبەر ئەحمەدی، بەڕێوەبەری گشتیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئیران، سەردانی بەغدادی کردووە و لەگەڵ قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەتەوە.

یەحیا ئال ئیسحاق، سەرۆکی ژووری بازرگانیی ئیران و عێراق لەوبارەیەوە رایگەیاندووە، بابەتی هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی بانکی نیشتمانیی ئیران زیاد لە پێویست گەورە کراوە و ئامانجیشیان لەو گەورەکردنە ئەوەیە بۆ ماوەیەک رێگریی لە دابەزینی بەهای دراوەکان بەرامبەر بە تمەن بکەن.

بە گوتەی ئال ئیسحاق، داخستنی بانکی نیشتمانیی ئێران لە عێراق کاریگەریی لەسەر بازاڕی دراوەکان نییە و نزیکەی دوو ساڵە بانکی نیشتمانی و بانکی پارسیان لە عێراق هیچ کارێکی ئاڵوگۆڕی دراویان نەکردووە.