لەسەر دۆسییەی کانە زێڕە داڕماوەکەی باکووری کوردستان چوار کەس دەستگیرکران

شوێنی رووداوەکە فۆتۆ: AFP
شوێنی رووداوى داڕمانى کانە زێڕەکەى ئەرزنجان فۆتۆ: AFP

لەسەر دۆسییەی کانە زێڕە داڕماوەکەی باکووری کوردستان، چوار کەس دەستگیرکران و گەڕان بەشوێن کرێکارەکانیشدا بەردەوامە.

بۆ دووەم رۆژ لەسەر یەک، گەڕان بەدوای ئەو نۆ کرێکارە بێسەروشوێنبووەدا بەردەوامە کە بەهۆی داڕمانی کانە زێڕەکەی ئەرزنجانی باکووری کوردستان بوون بەژێر گڵەوە و تاوەکو ئێستاش چوار کەس لەسەر دۆسییەکە دەستگیرکراون.

عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا، رایگەیاند، لەو نۆ کرێکارەی بوون بە ژێر گڵی کانە داڕماوەکەوە، لە کاتی رووداوەکەدا پێنج کەسیان لەنێو کۆنتێنەرێکدا بوون، سیانیان لە نێو ئۆتۆمبێلێکی بچوک و کەسێکیشیان لەنێو بارهەڵگرێکدا بووە.

یەرلیکایا ئاماژەی بە گەورەیی و فراوانیی ئەو بڕە خۆڵە کرد کە کەوتووە بەسەر کرێکارەکاندا و گوتی، بارستایی ئەو گڵەی لە کانەکەوە رۆچووە، 9-10 ملیۆن مەتری چوارگۆشەیە و لە رووبەری 100 دۆنمدا بڵاوبووەتەوە.

پێشتر حەمزە ئایدۆغدو پارێزگاری ئەرزینجان، ئاماژەی بەوەکرد، ژمارەیەک کرێکار بوون بە ژێر هەرەسەکەوە و تیمێکیان بۆ رزگارکردنیان پێکهێناوە.

سەرۆکایەتیی بەڕێوەبردنی کارەسات و دۆخە لەناکاوەکان (ئافاد) راگەیەندراوێکی لەبارەی رووداوەکەوە بڵاوکردەوە و ئاماژەى بەوەکردووە، کاتژمێر دووى پاش نیوەڕۆی رۆژی سێشەممە 13ی شوبات، کانێکی زێڕ لە شارۆچکەی ئیلیچ سەر بە ئەرزینجان هەرەسی هێناوە".

هاوکات عەلی یەرلیکایا، وەزیرى ناوخۆى تورکیا زانیاریی لەبارەی رووداوەکە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "لە پارێزگاکانی دەورووبەرەوە 400 کارمەندی ئافاد، جەندرمە و سەرباز رەوانەی ناوچەکە کراون، 40 ئۆتۆمبێلی کار سەرقاڵكی کارکردنن".

سەبارەت بە هۆکاری رووداوەکە، وەزیری ناوخۆى تورکیا باسی لەوەکردووە، بارستاییەکی گەورە بەسەر کانەکەوەیە، بەهۆی ئەوەی کە بەرگەی قورسایی بارستاییەکەی نەگرتووە کانەکە هەرەسی هێناوە.

عەلی یەرلیکایا گوتیشى، "لەکۆی 667 کرێکار نۆ کرێکار دیار نیین و هەواڵیان نازانرێت، رەنگە لەژێر کانەکەدابن".

هەرەسی کانەکە یڵماز تونج وەزیری دادیشی هێنایە سەر خەت و ئاماژەی بەوەکرد، "داواکاری گشتیی کۆماریی دەستی بە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە کردووە، چوار داواکاری گشتی لە کەیسەکەدا ئەرکدارکراون".