لێدوانی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان لەبارەی راگرتنی ئینتەرنێت لەکاتی تاقیکردنەوەکان

ژمارەیەک خوێندکار لەکاتی تاقیکردنەوەدا. فۆتۆ: حەمە سوور- کەناڵ8
ژمارەیەک خوێندکار لەکاتی تاقیکردنەوەدا. فۆتۆ: حەمە سوور- کەناڵ8

وەزارەتى پەیوەندییەکانى عێراق رەتیدەکاتەوە خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت لەکاتى تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12 رابگیرێت و وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت: تاوەکو ئێستا بڕیارماننەداوە.

سامان سیوەیلی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان بە کەناڵ8ـی راگەیاند، ساڵانی رابردوو لەکاتی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12، هێڵی ئینتەرنێتیان بڕیوە، بۆ ئەمساڵ تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێکیان نەداوە کە هێڵی ئینتەرنێت رادەگرن یاخود راینەگرن.

گوتیشی، کاتی تاقیکردنەوەکان زۆری ماوە و لەگەڵ نزیکبوونەوەی تاقیکردنەوەکان بڕیاری خۆمان دەدەین، بە ئەگەری زۆرەوە ئەمساڵیش هاوشێوەی ساڵانی رابردوو لەکاتی تاقیکردنەوەکان هێڵی ئینتەرنێت رادەگرین و لە ئەنجوومەنی وەزارەتی پەروەردەش هیچ پێشنیارێک نەکراوە کە ئینتەرنێت رانەگیرێت.

پێشتر، عەمرعەبدولرەزاق، گوتەبێژى وەزارەتى پەیوەندییەکانى عێراق رایگەیاند، وەزارەتەکەى هەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە بڵاوکراوەتەوە و باسلەوەکراوە، خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت لەکاتى تاقیکردنەوەکان رادەگیرێت.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، وەزارەتەکەى هیچ بڕیارێکى بۆ راگرتنى خزمەتگوزاریى ئینتەرنێت لەکاتى تاقیکردنەوەکاندا نەداوە.

بڕیارە لە 23ـی حوزەیرانی 2024 خولی یەکەمی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12، لە هەرێمی کوردستان دەستپێبکات و لە 17ـی تەمووزی 2024 کۆتاییبێت و لە هەفتەیەکدا تەنیا دوو تاقیکردنەوە ئەنجامدەدرێن.

لە هەرێمى کوردستان ساڵانە لەکاتى تاقیکردنەوە نیشتمانییەکانى قۆناغى 12 خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت رادەگیرێت، راگرتنى ئینتەرنێت یەکێکە لە رێکارەکانى وەزارەتى پەروەردەى هەرێمى کوردستان بۆ رێگریگرتن لە گزیکردن.