گرفتە دەروونییەکانی منداڵان لە بەریتانیا زیادیانکردووە 

منداڵانی خوێندنگەیەک لە پێشوازیی بەرپرسێکی شاهانای بەریتانیا کە بەشداریی بۆنەیەکی تەیبات بە دەرووندروستیی منداڵانی کردووە..فۆتۆ: AP

بەگوێرەی ئامارە تەندروستییەکانی بەریتانیا، نزیکەی نیو ملیۆن منداڵی وڵاتەکە لە چاوەڕێی ئەوەدان نۆرەیان بێت بۆ ئەوەی خزمەتگوزاریی دەروونییان پێبگات.

سەنتەری خزمەتگوزاریی تەندروستیی نیشتیمانیی بەریتانیاش رایگەیاندووە کە 20٪ی  منداڵانی وڵاتەکە دەکرێت گرفتێکی دەروونیان هەبێت و پێویستیان بە چارەسەربێت.

بەهۆی قەیرانی کەرتی تەندروستییەوە لە وڵاتەکە، منداڵان و لاوان کاتێکی زۆر چاوەڕێدەکەن تاوەکو نۆرەی چارەسەرکردنیان بێت، پزیشكانی بەریتانیاش دەڵێن کە دواکەوتنی چارەسەر وادەکات، گرفتە دەروونییەکانی منداڵان ئاڵۆزتر ببن.

دواکەوتنی چارەسەرەکان تەنیا کاریگەریی لەسەر منداڵان خۆیان نەبووە، بەڵکو خێزانەکانیش بەهۆیەوە نیگەرانن و داوادەکەن چاکسازیی تەندروستی لە وڵاتەکەدا بکرێت.