لە یەکەم مانگى 2024دا گەشتیاری بیانی بۆ تورکیا دوو ملیۆنی تێپەڕاند

ئاڵای تورکیا لە سەربانی یەکێک لە باڵەخانەکانی ئیستانبوڵ. فۆتۆ: AP

وەزارەتی گەشتوگوزاری تورکیا بڵاویکردەوە، ژمارەی ئەو گەشتیارە بیانییانەی لە مانگی کانوونى دووەمی ئەمساڵدا هاتوونەتە تورکیا، زیاتر لە دوو ملیۆن کەس بووە.

رۆژی هەینى، 23ی شوبات، وەزارەتی گەشتوگوزاری تورکیا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە مانگى کانوونى دووەمى 2022 ژمارەى گەشتیارانى بیانى بۆ تورکیا یەک ملیۆن و 28 هەزار کەس بووە و لەساڵى 2023 ژمارەى گەشتیارانى بیانى بۆ تورکیا گەیشتووەتە دوو ملیۆن کەس، بەڵام بۆ کانوونى دووەمى 2024 بەراورد بە 2023 تەنیا 500 گەشتیار زیادى کردووە و ژمارەکە دوو ملیۆن و 500 گەشتیار بووە.

لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی رابردوودا، تورکیا دەرگاى کردەوە بۆ هاوڵاتییانی شەش وڵاتی نوێ کە بتوانن بێنە نێو تورکیاوە، بە مەبەستی گەشتوگوزار بەبێ ڤیزا، لەنێویاندا وڵاتانی کەنداو، بەمەبەستی بەرزکردنەوەی جووڵەی گەشتیارانی داهاتوو و پەرەپێدانی داهاتەکانی گەشتیارى.

بەگوێرەى ئامارەکانى رێکخراوی گەشتیاریی جیهانی، تورکیا لە پلەی شەشەمی جیهاندایە لە وەرگرتنی گەشتیار، ئەوەش دوای ئەوەی لە ساڵی 2019دا ژمارەى گەشتیارانی وڵاتەکە 52 ملیۆن و 500 هەزار کەس بووە.