عێراق لە پلەی 164ی جیهاندایە لە خواردنی ماسیدا

عێراق لە خواردنی ماسی لەسەر ئاستی جیهانی هاتووەتە پلەى 164ى وڵاتانى جیهان. فۆتۆ: گێتی ئیمجس

بەگوێرەى ئامارێک، عێراق لە خواردنی ماسی لەسەر ئاستی جیهانی هاتووەتە پلەى 164ى وڵاتانى جیهان، لەسەر بنەمای هەژمارکردنی خواردنی ماسی لەلایەن هەر تاکێکەوە لە ساڵێكدا.

بەگوێرەی نوێترین داتا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، عێراق لە ریزبەندیی 164ی جیهاندا لە کۆی گشتی 200 وڵات، کە زۆرترین رێژەی ماسییان تێدا دەخورێت، بەگوێرەی ستانداردە جیهانییەکان ساڵانە نزیکەی سێ کیلۆ و 300 گرام لە گۆشتی ماسی بۆ هەر هاوڵاتییەکی عێراقی لە ساڵێکدا مەزەندە کراوە.

بەرزترین رێژەی خواردنی ماسی لە عێراق لە ساڵی 1979دا بووە، کە چوار کیلۆ و 300 گرام بۆ هەر هاوڵاتییەک دانراوە لە ساڵێکدا و نزمترین ئاستیش لە ساڵی 2003 بوو کاتێک گەیشتووەتە 0.77 کیلۆگرام لە ساڵێکدا.

ئەمە لەکاتێکدایە، سامانی ماسی عێراق بەرەو کەمبوونەوە دەچێت بەهۆی وشکبوونەوە و کەمبوونەوەی سامانی ئاو، بەجۆرێک بەگوێرەی دوایین زانیارییەکانی دەستەی ماسیگرانی عێراق، سامانی ماسی وڵاتەکە لە یەک ملیۆن تۆن ماسی ساڵانەوە دابەزیوە بۆ 190 هەزار تۆن لە ساڵێکدا.