تەندروستیی جیهانی و یونیسێف مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر منداڵان دەکەنە کۆرسێکی نوێ بۆ پزیشکان و تەندروستکاران

دوو منداڵی عێراقی لە ژینگەیەکی ناخاوێنی شاری بەسرا. فۆتۆ: AP

هەردو رێکخراوی تەندروستیی جیهانی و یونیسێف دەستپێکردنی کۆرسێکی جیهانی رادەگەیەنن بۆ پزیشکان و تەندروستکاران لەبارەی مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر منداڵان و چۆنییەتی کەمکردنەوەی ئەو مەترسییانە.

دوو رێکخراوە جیهانییەکە لە راگەیەنراوی دەستپێکردنی کۆرسە ئۆنڵاینەکەدا دەڵێن "بە هەستکردن بە پێویستیی خێرای ناوەندە تەندروستییەکان بۆ پارێزگاری لە منداڵان لە میانەی ئاڵنگارییەکانی پەیوەست بە پیسبوونی ژینگە و گۆڕانی کەشوهەوا، هەردوو رێکخراوەکە لە هاوئاهەنگیدابوون بۆ دروستکردنی ئەم کۆرسە ئۆنلاینە بێبەرامبەرە".

لە راگەیەنراوەکەدا هەروەها هاتووە "لە سەردەمێکدا کە پیسبوونی ژینگە و گۆڕانی کەشوهەوا رۆژ بە رۆژ زیاتر تەندروستیی، گەشە و ئاییندەی منداڵان دەخەنە مەترسییەوە، کۆرسەکە مەبەستیەتی ناوەندە تەندروستییەکان بە زانستی بنچینەیی و سەرچاوەی پێویست بۆ ناسینەوەی ئەم مەترسییانە و رێگاکانی کەمکردنەوەیان تەیاربکات ".

د. ماریا نێیرا، بەڕێوەبەری بەشی ژینگە و گۆڕانی کەشوهەوا و تەندروستی لە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، دەڵێت "زیاتر لە چواریەکی نەخۆشییەکانی منداڵانی خوار تەمەنی پێنج ساڵان، پەیوەندییان بە دۆخە نەخوازراوە ژینگەییەکانەوە هەیە". وەکوو د. ماریا دەڵێت "روون و ئاشکرایە کە دەبێت بۆ ئەم بابەتە کارێک بکەین؛ دەبێ تەندروستیی ژینگەیی منداڵان بکەینە خەمی لەپێشینە، بۆ ئەوەی دڵنیاببینەوە لەوەی نەوەی داهاتوو ئاییندەیەکی تەندروستانەتریان دەبێت".

لە راگەیەنراوەکە ئاماژەکراوە بەوەی کە "کۆرسەکە بە دورودرێژی بابەتی ژینگە و منداڵان تاووتوێدەکات و رووماڵی ئەو بابەتانە دەکات کە ئێستا لەسەر ئاستی جیهان جێگەی نیگەرانین، وەکوو: پیسبوونی هەوا، گۆڕانی کەشوهەوا، پاشەڕۆ ئەلیکترۆنییەکان، قوڕقوشم، مێروکوژ و قڕکەرەکان و ئەو مەترسییانەی دیکە کە کار لە تەندروستیی منداڵان دەکەن".

جۆرج لارییا، بەڕێوەبەری پرۆگرامەکانی یونیسێف، دەڵێت "جەستەی منداڵ کە هێشتا لە قۆناغی گەشەدایە، زیاتر دەکەوێتە ژێر مەترسییە ژینگەییەکان و پێویستیان بەوەیە ئێمە بیانپارێزین". وەکو بەرپرسەکە دەڵێت "بەرکەوتن لەگەڵ قوڕقوشم یەکێکە لە نموونە کارەسەتبارەکانی ژینگە بۆ سەر منداڵ؛ ئاستی زیرەکییان کەمدەکاتەوە و کردەی توندوتیژییان تێدا زیاددەکات".

راگەیەنراوەکە ئاماژەیکردووە کە بەشێکی زۆری ناوەندە تەندروستییەکان زانیارییەکی ئەوتۆیان نییە لەبارەی ناسینەوە، خەمڵاندن و مامەڵەکردن لەگەڵ نەخۆشییە ژینگەییەکانی منداڵان، بۆیە کۆرسەکە پەنجەدەخاتە سەر گرنگیی روونکردنەوەی بابەتەکانی ژینگە و منداڵان بۆ تەندروستکاران و پزیشکان.