خێرخوازان لە سنە 300 سزادراوی تاوانە بێمەبەستەكانیان ئازادکرد

شاری سنە لە رۆژهەڵاتی كوردستان. فۆتۆ: ویكیپیدیا

لە سنەی رۆژهەڵاتی كوردستان 300 كەس كە بەهۆی تاوانی بێمەبەستەوە سزادرابوون، لەلایەن خێرخوازانی ناوچەکەوە ئازادکران، ئەوەش پاش دابینكردنی پێبژاردنەكانیان بەبڕی 162 ملیار تمەن.

شەوی رابردوو لایەنە پەیوەندیدارەکانی سنە، لە مەراسیمێکدا رێزیان لەو خێرخوازانە گرت کە یارمەتیدەربوون بۆ ئازادکردنی ئەو زیندانیانە.

لە مەراسیمەکەدا حسێن حسێنی، سەرۆکی دادوەری سنە رایگەیاندووە، ئەو بڕە پارەیە لەلایەن خێرخوازان و سەرۆککۆمار و دامەزراوەی هەژارانی پارێزگاکەوە دابینکراوە، توانراوە لە رێگەیەوە 300 زیندانی ئازادبکەن، کە 293یان پیاون و حەوتیشیان ژنن.

سەرۆکی دادوەری سنە باسی لەوەشكردووە، ئەو پارەیەی بۆ ئازادکردنی زیندانیان کۆکراوەتەوە لەچاو پارێزگا پیشەزاییەکاندا زۆر باشتر بووە، لەئێستادا 300 زیندانی دیکەی تاوانە بێمەبەستەکان چاوەڕێی دەستی خێرخوازانن بۆ ئازادبوونیان.

زیاتر لە 12هەزار و 650 زیندانی تاوانە بێمەبەستەکان لە ئێران هەن، لەو رێژەیە 469یان ژنن و 12هەزار و 181یان پیاون.

بەگوێرەی دەقە یاساییەکان تاوانی بێمەبەست، ئەو جۆرە تاوانەیە ئەنجامدەرەکەی مەبەستی ئەنجامدانی نەبووە، بەڵام رەفتارەکەی بووەتە هۆی ئەنجامدانی تاوان.