عێراق شارێکى پیشەسازی لە بەسرە دروستدەکات

دیمەنێکی شاری بەسرە

حکومەتى عێراق لەگەڵ کۆمپانیایەکی چینی دامەزراندنی شارێکی پیشەسازيی بە رووبەری سێ هەزار دۆنم لە پارێزگاى بەسرە راگەیەند کە ئاسن و پۆڵا بەرهەمدەهێنێت.

عەباس حەیال، بەڕێوەبەرى گشتیی لە وەزارەتى پیشەسازی و کانزاکانى عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند "ئەم هەفتەیە لەگەڵ کۆمپانیایەکی چینی کۆدەبینەوە کە سێ هەزار دۆنم زەویی پێدراوە بۆ دروستکردنی شارێکی پیشەسازی کە ئاسن و پۆڵە بەرهەمدەهێنێت".

ئەو بەڕێوەبەرە گشتییە رێککەوتنەکە بە شۆڕشێکی پیشەسازیی گەورە لە عێراق ناودەبات و دەڵێت "کارگەکە ئاسن و پۆڵا بۆ دابینکردنی پێداویستیی ناوخۆیی بە کوالێتیی بەرز بەرهەمدەهێنێت".

بڕیارە کارگەکە لە چەند مانگی داهاتوودا لە پارێزگای بەسرە بکرێتەوە و بەگوێرەی رێککەوتنەکە، ساڵانە 600 هەزار تۆن ئاسن و پۆڵا بەرهەمدەهێنێت.