توێژینەوەیەکی نوێ باشترین جۆری چەوری دیاریدەکات بۆ رێجیمی کیتۆ

توێژەرانی کەنەدا توێژینەوەیەکیان ئەنجامدا بۆ دیاریکردنی باشترین جۆری چەوری بۆ رێجیمی کیتۆ و رووبەرووبوونەوەی جۆرێکی شێرپەنجە

توێژەران تاقیکردنەوەکەیان لەسەر 7 جۆری جیاوازی چەوری ئەنجامدا لە جرجدا، وەکو چەوریی گەنمەشامی، زەیتوون، ماسی و چەند جۆرێکی دیکەی چەوری.

ئامانجی ئەم تاقیکردنەوەیە ئەوەبوو کە بزانرێت کام جۆرەی چەوری باشترینە لە رێجیمی کیتۆ و رێگریکردن لە شێرپەنجەی سییەکان.

توێژینەوەکە لەسەر چەند جرجێک کراوە و رێجیمی کیتۆیان پێکراوە، دواتر 7 جۆرە چەورییەکەیان لەسەر تاقیکرایەوە.

بەرەنجامی توێژینەوەکە دەریخست کە لە جرجەکاندا، چەوری یان رۆنی ماسی باشترین جۆری چەورییە بۆ رێگریکردن لە تووشبوون بە شێرپەنجەی سییەکان. هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە چەوریی ماسی بە شێوازێکی قوڵتر، جرجەکانی دەخستە دۆخی کیتۆسسەوە و ئەمەش مانەوەی خانە شێرپەنجەییەکانی ئەستەمتر دەکرد.

گرنگە بزانرێت ئەم توێژینەوەیە لەسەر جرج کراوە و توێژینەوەی زیاتر پێویستە بۆ یەکلاکردنەوەی سوود و زیانەکانی جۆرە جیاوازەکانی چەوری لە رێجیمی کیتۆدا.

رێجیمی کیتۆ ئەو جۆرەی رێجیمە کە تێیدا بڕی کاربۆهیدرات زۆر بە کەمی بەکاردێت و زیاتر پشت بە چەوری دەبەسترێت، ئەمەش وا دەکات جەستە بچێتە دۆخێ کیتۆسسەوە کە دۆخێکی زیندەچالاکییە، تێیدا جەستە لە جیاتی شەکر، چەوری دەسووتێنێت.

توێژەران زۆر لە سوودەکانی ئەم جۆرەی رێجیمیان بۆ دەرکەوتووە لەوانەش بۆ قەڵەوی، گەشکە و نەخۆشی شەکرەش.

لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوامن لە لێکۆڵینەوە لە سوودەکانی دیکەی ئەم رێجیمە لەسەر نەخۆشییەکانی دیکە.