توێژەران سەرقاڵی دروستکردنی ئامێرێکی تایبەتن بە پشکنینی مەمک کە بە شێوازێکی ئاسان لەلایەن خانمان خۆیانەوە بەکاردەهێنرێت
ئامێرەکە دەخرێتە ناو ستیانی خانمانەوە بۆ چاودێریکردنی تەندروستیی مەمکی خانمەکە، ئەمەش رێگەیەکی ئاسان و بێزیان دەبێت بۆ خانمان و دەکرێت لە ماڵەکانیاندا بەکاریبهێنن.
ئامێیرەکە تەزووی کارەبا بەکاردەهێنێت بۆ دەستنیشانکردنی هەرجۆرە گۆڕانکارییەک لە شلەی دەرەوە و ناوەوەی خانەکانی مەمکدا.
لەبەرئەوەی خانە شێرپەنجەییەکان شلەی کەمتریان تێدایە بەراورد بە خانە ئاساییەکان، ئامێرەکە دەتوانێت ئەم گۆڕانکارییانە دەستنیشانبکات و پێوانەی قەبارەی گرێکان بکات، تەنانەت ئەگەر قەبارەی گرێکە تەنیا 2 میلیمەتریش بێت.
توێژەران دەڵێن ئامێرەکە دەکرێت بخرێتە ناو ستیانی خانمانەوە یان ستیانی تایبەت بەم ئامێرە دروستبکرێت، بەم شێوازە ئامێرەکە دەتوانێت چاودێریی تەندروستیی مەمکی خانمەکە بکات و گۆڕانکارییە شێرپەنجەییەکان دەستنیشابکات و تۆماریشیان بکات، دواتر لەڕێگەی مۆبایلی زیرەکەوە زانیارییە تۆمارکراوەکان بۆ بەکارهێنەرەکە و تەنانەت پزیشکەکەشی دەنێرێت.
بەمجۆرە دەکرێت شیرپەنجەی مەمک لە قۆناغێکی زۆر سەرەتاییدا دەستنیشانبکرێت و بەزووترین کات چارەسەربکرێت.
بەرهەمهێنەرانی ئەم ئامێرە، ئامانجیانە لە چەند ساڵێکی داهاتوودا ئامێرەکەیان بەردەستبێت و چەندین خانم لە مەترسییەکانی ئەم نەخۆشییە کوشندەیە بپارێزن.