پسپۆڕێکی هەرس و جگەر: رۆژوو بەکتریا سوودبەخشەکانی جەستە زیاددەکات و زیانبەخشەکان کەمدەکاتەوە

کەناڵ8- سلێمانی

پزیشکێکی پسپۆڕ دەڵێت رۆژووگرتن وادەکات لە ریخۆڵەکاندا بەکتریای سوودبەخش زۆربن و بەکتریا زیانبەخشەکان کەمبکەن، ئەوەش سوودێکی زۆری بۆ تەندروستی بەگشتی و تەندروستیی هەرس و جگەر بەتایبەتی هەیە.

د. هیوا ئەبوبەکر، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەرس و جگەر، لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵ8 دەڵێت "لە کاتی رۆژوودا کە مرۆڤ 14 بۆ 16 کاتژمێر هیچ ناخوات، ئاهێک بەسەر کۆئەندامی هەرس و جگەردا دێتەوە و هەلێک دەبێت بۆی، بۆ خۆڕێکخستنەوە و خۆدەربازکردن لە ماددە زیانبەخش و کەڵەکەبووەکان".

پسپۆڕەکەی هەرس و جگەر دەڵێت بەگشتی تاوەکو ئێستا زیاتر لە 150 هەزار توێژینەوەی زانستی لەسەر رۆژوو ئەنجامدراون و زۆر ئەنجامی دڵخۆشکەریان لێدەرکەوتووە " ئێستا دەرکەوتووە بەڕۆژووبوون وادەکات ژمارەی بەکتریا سوودبەخشەکان لە کۆئەندامی هەرسدا زۆربن و زیانبەخشەکانیش کەمبکەن، ئەمەش سوودێکی ئێجگار زۆری هەیە بۆ تەندروستیی جەستە بە گشتی و تەندروستیی هەرس و جگەر بەتایبەت".

د. هیوا باس لە سوودێکی دیکەی رۆژوو دەکات بۆ گرفتێکی باوی ئەم سەردەمە "چەوریی جگەر وەکو پەتایەکی لێهاتووە، هێندە بڵاوە لە خەڵکی ئەم سەردەمەدا، دەرکەوتووە رۆژوو زۆر سوودبەخشە بۆ کەمکردنەوەی چەوریی جگەر و رزگاربوون لەم گرفتە باوەی ئێستا".

پزیشکە پسپۆڕەکە دەڵێت زۆرینەی سوودەکانی رۆژوو پەیوەستن بە پابەندبوون بە رێنماییە تەندروستییەکانەوە "نابێت ئێواران بڕی زۆری شیرینی بخۆن، یان پارشێوان وەها بخۆن وەکو ئەوەی بەشی بەیانی و نیوەڕۆی جاران بخۆن".