لە تورکیا 118 کۆچبەری نایاسایی دەستگیرکران

لە چەند شارێکی تورکیا دەیان کۆچبەر و ژمارەیەک قاچاخچی دەستگیرکران. فۆتۆ: AA

لە چەند شارێکی باکووری کوردستان و تورکیا، 118 کۆچبەری نایاسایی دەستگیرکران و 47 کۆچبەری دیکەش لە خنکان رزگارکران.

ئاسایشی ئێسکیشەهیر رایگەیاند، 11 کۆچبەری نایاسایی و سێ قاچاخچییان دەستگیرکردووە کە هەوڵیانداوە لە شاری مەڵەتیی باکووری کورستانەوە خۆیان بگەیەننە ئەنقەرە.

ئاسایشی شاری وان ئاماژەی بەوەکردووە، تەنیا لەماوەی هەفتەی رابردوودا 48 کۆچبەری نایاساییان دەستگیرکردووە.

لە چەند کاتژمێری رابردوودا لە ئەدیرنە 45 کۆچبەر دەستگیرکران کە 16 کەسیان پاکستانی و ئەفغانی بوون.

هاوکات لە کەناراوەکانی شارۆچکەی (کاش)ی سەربە ئەنتاڵیا 14 کۆچبەر دەستگیرکران کە چواریان منداڵن.

هێزەکانی پاراستنی سنوورە ئاوییەکان لە شارۆچکەکانی (مارماریس و داتچا)ی سەربە موغڵاش، 47 کۆچبەریان لە خنکان رزگارکرد کە ژمارەیەکیان منداڵ بوون.