کوردستان.. گرنگترین سیمبوولەکانی جەژنی نەورۆز

کردنەوەی ئاگری نەورۆز لە مامەیارە، سلێمانی

نەورۆز بە سیمبوولی نەتەوەی کورد دادەنرێت، ئەو رەمزەیە کە کوردان کۆدەکاتەوە و خۆشەویستی خاک و زمان و جلی کوردی لەلای هەموو تاکێکی کورد نوێدەکاتەوە، بەجۆرێک کوردان لە چوارپارچەی کوردستان و هەموو جیهاندا، بەهەمان جلوبەرگەوە و لەسەر هەمان کولتووری کۆن یادی سەری ساڵی کوردی دەکەنەوە.

جەژنی نەورۆز چەند سیمبوولێکی دیاری هەیە، کە لە کۆنەوە بەوانە دەناسرێتەوە و هەریەکەیان بەجیا بوون بە رەمزێک بۆ ئەم جەژنەی کوردان، لەوانەش:

وەرزی بەهار:

هەروەک مەولەوی شاعی دەڵێت (نیشانەی نەورۆز وادەی وەھارەن.. یا نەشئەی ئامای نامەی نیگارەن) وەرزی بەهار لەلای کوردان یەکەم سیمبوولی نەورۆزە، سەوزبوونی دەشتودەر و جوانی بەهار مژدەی هاتنی جەژنی سەری ساڵی کوردی پێیە، ئەو ئێوارەیەی کە تێیدا ئاگری نەورۆزی سەری ساڵی کوردی دەکرێتەوە، کۆتا رۆژی زستان و سەرەتای هاتنی وەرزی بەهارە کە هاوکات سەری ساڵی کوردیی و جەژنێکی نەتەوەییە.

ئاگرکردنەوە:

هەزاران ساڵە، هیچ نەورۆزێک بەبێ کردنەوەی ئاگر تێنەپەڕیوە، کە سیمبوولی ئازادی و ژیانە، هەموو جەژنێک، لە شەوی سەری ساڵی کوردیدا، ئاگرێکی گەورە لەسەر قەڵا، چیا و شوێنە بەرزەکانی چوارپارچەی کوردستان دەکرێتەوە، هاونیشتمانیان لەدەوری کۆدەبنەوە و بەیەکدەنگ سرودی نەورۆز دەڵێنەوە و بە جلی کوردییەوە هەڵپەرکێی کوردەواریی دەکەن.

جلی کوردی:

لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی بەهار و جەژنی سەری ساڵی کوردی، کوردان لە هەموو شوێنێکی جیهاندا دەست بە کڕین و دوورینی جلی کوردی دەکەن، لەم رۆژەدا گەورە و منداڵ جلی ئاڵو واڵا بە قوماشی کوردەواریی و بریقەدار لەبەردەکەن، بەو جلانەوە بەشداری ئاهەنگ و کۆبوونەوەکان دەکەن.

هەڵپەرکێی کوردی:

هەڵپەرکێی کوردیی بە جلی کوردەواریی لە دەوری ئاگری نەورۆزدا، یەکێکی دیکەیە لە سیمبوولەکانی جەژنی سەری ساڵی کوردی، هاونیشتیمانیان لە بەشێکی ئاهەنگگێران بەم رۆژە بە جلوبەرگی رەنگاورەنگی کوردییەوە لەناو سروشت و لە شوێنی کۆبوونەوە و ئاهەنگەکاندا بەیەکەوە بە گۆرانی کوردەوارییەوە هەڵدەپەڕن.

سروودی نەورۆز:

شیعری شاعیران و سروودی نەورۆز، یەکێکیترن لە گرنگترین سیمبوولەکانی نەورۆز، هەر لە رۆژی 20ـی ئازارەوە، لە هەر چوارپارچەی کوردستان سروودی نەورۆز لێدەدرێت و لەگەڵ کردنەوەی ئاگری نەورۆز لە ئێوارەی پێش یەکەم رۆژی سەری ساڵی کوردیدا، بەیەک دەنگ لەلایەن هاونیشتمانیانەوە دەوترێتەوە.

جەژنی نەورۆز بە سەری ساڵی کوردی و یەکێک لە گرنگترین جەژنەکانی کورد دادەنرێت، کە لە هەر چوارپارچەی کوردستاندا ئاهەنگ بەم بۆنەیەوە سازدەکرێت و بە بۆنەیەکی کۆنی کوردستانیی دادەندرێت. هەروەها نەورۆز لەلایەن گەلانی دیکەوە ئاهەنگی بۆ دەگێڕدرێت، لەوانە گەلانی: ئەفغانستان، هیندستان، ئوزباکستان، ئازەربایجان و پاکستان.