کەسێکی نزیکی سابالینکا بەشێوەیەکی سەیر گیانلەدەستدەدات

ئارینا سابالینکا، یاریزانی تێنسی سەرزەوی. فۆتۆ: AP

کۆنستانتین کۆلتسۆڤ، یاریزانی پێشووی هۆکی سەرسەهۆڵ و خۆشەویستی ئارینا سابالینکای تێنسساز، لە تەمەنی 42 ساڵی بە شێوەیەکی لەناکاو، لە ویلایەتی فلۆریدای ئەمریکا کۆچی دوایی کرد.

لە دەستدانی دوو کەسی نزیکی سابالینکا چیرۆکێکی سەیرە، پێنج ساڵ لەمەوپێش لە ساڵی 2019، لەناکاو باوکی ئارینا سابالینکای بێلارووسی هەر لە تەمەنی 42 ساڵی کۆچی دوای دەکات ئەویش بەهەمان شێوە یاریزانی هۆکی بووە، دوای پێنج ساڵ هەمان سیناریۆ بەسەر خۆشەویستەکەی ئارینا دێت، لە هەمان تەمەن و بەبێ هۆکارێکی دیاریکراو مرد، لە کاتێکدا ئارینا ئێستا تەمەنی تەنیا 25 ساڵە.

یاریزانە بێلارووسییەکە خۆی بۆ پاڵەوانییەتی کراوەی مەیامی ئامادە دەکات، ساابالینکا راشیگەیاند مردنی کۆنستانتین لەنەکاو بووە و هەرگیز بە خەیاڵیدا نەهاتووە شتی وا رووبدات، داواشی کرد کە رێز لە ژیانی تایبەتی بگرن و قسەی بێ بەڵگە نەکرێت بەتایبەت لەبارەی ئەوەی کە پێش مردنی لە خۆشەویستەکەی جیابووەوە.

ئارینا و کۆنستانتین لە 2021ەوە خۆشەویستن، کۆنستانتین لە 2002 تاوەکو 2010 بەشداری لە ئۆڵۆمپیاد کردووە و دوای ئەوەش وەکو راهێنەری یانەی سالاڤاتی رووسی دەستبەکاربووە.