بیتهۆڤن.. لە سایەی ئەفراندنی مەزنترین موزیکە کلاسیکییەکاندا

لودڤیگ فان بیتهۆڤن، موزیکدانەر و پیانۆژەنی دیاری ئەڵمانیا، یەکێکە لە دیارترین موزیکدانەرەکانی مێژوو، رێکەوتی 26ی ئازاری 1827، کۆچیدوایی کردووە.

بیتهۆڤن، لە کانونی یەکەمی 1770 لە ئەڵمانیا لەدایکبووە، بەدیاریکراویی رۆژی لەدایکبوونی نەزانراوە، بەڵام یەکەم تۆماری مێژوویی ئەم کەسایەتییە لە ئاستی نووسینەوەی موزیکدا، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1782، کە لە تەمەنی 12 ساڵییدا، نۆ پارچەی بۆ پیانۆ نووسیوە.

بیتهۆڤن لە تەمەنی 11 ساڵییدا قوتابخانەی جێهێشتووە و تاوەکو 18 ساڵیی ئەرکی دابینکردنی بژێویی خێزانەکەی گرتووەتە ئەستۆ، وێڕای کارکردن، باوکی هەوڵی داوە توانا موزیکییەکانی بەرەوپێشببات و هاوتای مۆزارت بیکات بە منداڵێکی پەرجوو ئاسا، بەڵام بیتهۆڤن لە قۆناغی منداڵییدا ناگات بەم نازناوە و تاوەکو قۆناغی پێگەیشتن ناناسرێت.

ساڵی 1782، بیتهۆڤن روو لە ڤیەننا دەکات، لەوێ، چاوی بە چەندین موزیکدانەری بەناوبانگ و بەتوانا دەکەوێت، لەوانە جۆزێف هایدن و مۆزارت، لەژێر کاریگەریی موزیکی ئەو سەردەمەی ڤیەننا دەست بە دانانی باشترین پارچە موزیکەکانی دەکات و رەگ و ریشەی موزیکەکەی لە قۆناغی کلاسیکدا سەرهەڵدەدەن.

لە دیدگەی رەخنەگر و گوێگرانی موزیکدا، بیتهۆڤن بە مەزنترین موزیکدانەری مێژوو دادەنرێت، کە توانیویەتی بەتەواوەتی، قۆناغێکی دیاریکراو لە مێژووی موزیک داگیربکات، کە هیچکەسێک پێش خۆی، نەیتوانیبوو ئەم کارە ئەنجامبدات.

لە ئاستی شێوازی دانانی موزیکدا، بیتهۆڤن رەچاوی پرسە مرۆیی و نەتەوەییەکانی کردووە، سوودێکی گەورەی لە بەرهەمەکانی گۆتە و فرێدریش فۆن شیلەر وەرگرتووە، هاوتای بنەماکانی رەوشت لای کانت و بیرۆکەکانی شۆڕشی فەرەنسی، زیاد لە هەر موزیکدانەرێکی سەردەمی خۆی و پێشتر، کاری لەسەر فەلسەفەی ژیان کردووە و موزیکی کردووە بە ئامڕازێکی سەرەکیی بۆ نیشاندانی هەستە جیاوازەکان.

بیتهۆڤن لە ساڵی 1796، لە تەمەنی 26 ساڵییدا، دوچاری نیشانەکانی گوێ زرینگانەوە دەبێت و لە دەرئەنجامدا کەڕ دەبێت، بەڵام توانیویەتی لە ماوەی 10 ساڵی کۆتایی ژیانی خۆیدا، کە ساڵانی پڕ لە ئازار و نەخۆشی بوون، دیارترین و مەزنترین شاکارە موزیکییەکانی بنووسێت.

ساڵی 1804، بە بڵاوکردنەوەی سێیەم سیمفۆنیای خۆی بەناوی "Eroica"، کاریگەرییەکی گەورە لەسەر ناساندن و چەسپاندنی شێوازی سیمفۆنیا دروستدەکات و وەکو ژانرایەکی سەربەخۆ و گەورە دەیناسێنێت.

لە قۆناغی ناوەندیی ژیانیدا، بیتهۆڤن چەندین کاری تایبەت بە پیانۆی داناوە، لەوانە: سۆناتاکانی  Apassionata، Waldstein  و تاقە ئۆپێرای بەناوی فیدێلیۆ.

نەخۆشی، بارگرانییەکی گەورە دەبێت لەسەر ژیانی بیتهۆڤن، کۆتا ساتەکانی ژیانی بەدەست نەخۆشییەوە دەناڵێنێت و بەهۆیەوە کارەکانی بەشێوەیەکی بەرچاو روو لە کەمبوونەوە دەکەن، وێڕای ئاڵنگارییە تەندروستییەکان، بەردەوام بووە لە بەرهەمهێنانی موزیک و ژمارەیەک کاری گرنگی ئەنجامداوە، لەوانە دانانی موزیکی "Late Quartet" لە ساڵی 1825.

لەتێکڕای ژیانە هونەرییەکەی خۆیدا کە ماوەی زیاتر لە 45 ساڵی خایەندووە، توانیویەتی زیاتر لە 720 موزیکی جیاواز دابنێت، لە دیارترین شاکارەکانی کۆتایی تەمەنی سیمفۆنی ژمارە نۆ بوو، کە بەکارهێنانی کۆڕاڵ لە جوڵەی کۆتاییدا، شاکارێکی مێژووی بخوڵقێنێت دوا خاڵ لە سەر هەموو داهێنانێک دابنێت، کە دەکرا لە نێو سیمفۆنیدا بەکاربهێنرێت.

دواجار ئەم موزیکدانەرە مەزنەی مێژووی موزیکی جیهان،  رێکەوتی 26ی ئازاری 1827، پاش ساڵانێکی زۆر لە ململانێ لەگەڵ نەخۆشی و ئازارچەشتن، لە تەمەنی 56 ساڵییدا، لە ڤیەننا کۆچیدوایی دەکات و پاش خۆی، گەنجینەیەکی گەورەی پڕ شاکاری موزیکی بۆ جیهان جێدەهێڵێت.