مێرسیدس بۆ وەرزی داهاتوو هیوای لەسەر ساینز هەڵچنیوە

کارلۆس ساینز، شۆفێری تیمی فێراری، لە پێشبڕکێی ئوستراڵیای 2024. فۆتۆ: AP

کارلۆس ساینزی ئیسپانی و شۆفێری تیمی فێراری لە بواری فۆرمولا 1، تاوەکو ئێستا بۆ وەرزی داهاتوو تیمێپی بۆخۆی دیارینەکردووە و نازانرێت داهاتووی لەگەڵ چ تیمێکە، بەڵام تیمی مێرسیدس ئارەزووی بەدەستهێنانی تواناکانی ئەو شۆفێرە دەکات.

ساینز بووەتە سوپرایزی ئەم وەرزە، دوای بەدەستهێنانی ناسناوی پێشبركێی ئوسترالیا نەشتەرگەرییەکی قورسی ئەنجامدا، هەفتەی رابردوو گەڕایەوە نێو مەیدانی شۆفێران و راستەوخۆ ناسناوێکی چنییەوە، لەکۆی سێ پێشبڕکێی ئەم وەرزەشدا دووجار وەک باشترین شۆفێر دەستنیشانکراوە.

تیمی فێراری ئەمساڵ رایگەیاند، لیویس هامیڵتن ساڵی 2025 جێگەی کارلۆس ساینز دەگرێتەوە، لە بەرامبەردا تۆتۆ وڵفی بەڕێوەبەری تیمی مێرسیدس، داوای لە ئیدارەی تیمەکە کردووە ئۆفەرێک پێشکەشی ساینز بکەن، تاوەکو بۆ وەرزی داهاتوو جێگەی هامیڵتن بگرێتەوە.

هەرچەندە ساینز لای خۆیەوە هیچ بڕیارێکی نەداوە، بەڵام بۆ ساڵی داهاتوو پێگەی دوو شۆفێر لە تیمەکانی مێرسیدس و رێدبوڵ بەردەست دەبن، تاوەکو روو لە یەکێک لەو تیمانە بکات.