پێشبڕکێی سوزوکای فۆرمولا 1 لە ژاپۆن بە پێشڕەوی ماکس ڤێرشتاپن کۆتایی هات و شۆفێرە هۆڵەندییەکە توانی ریکۆردی نوێ تۆماربکات، ئەویش لە دوایین 24 پێشبڕکێ کە ئەنجامیداوە توانی 20 پێشبڕکێ پلەی یەکەم بۆخۆی قۆرغبکات.
زۆربەی پێشبڕکێیەکان وای لێهاتووە ئەگەر ماکس ڤێرشتاپن بیباتەوە ئەوا کەس شۆک نابێت، هاندەران بەدوای روودانی شتێکی جیاوازبوون، بەڵام ئەو سوپرایزە رووینەدا، ماکس ڤێرشتاپن توانی لە پاڵاوتنەکان یەکەم بێت و هەر بۆیە رۆژی پێشبڕکێیەکەش بە پێشڕەوی شۆفێرەکەی تیمی رێدبوڵ دەستی پێکرد، ماکس توانی بەربەستی فێرارییەکان تێبپەڕێنێت، کە لە چەند قۆناغێکدا پێش کوڕانی رێدبوڵ کەوتن، فێراریەکان توانیان چەند جارێک پێش تیمەکانی دیکە بکەون، بەڵام ساینز و لێکلێرک بەختی ئەوەیان نەبوو پلەکانی یەکەم و دووەم بگرن، لە کۆتاییشدا هەر ڤێرشتاپن خۆی کورسی یەکەمی گرت، کورسیەکانی دووەم و سێیەمیش بۆ هەریەک لە چێکۆ پێرێزی هاوتیمی ماکس و کارلۆس ساینزی شۆفێری فێراری بوو.
چارلز لێکرێکیش کە کورسی چوارەمی بەدەستهێنا، بە کۆی دەنگ توانی ببێتە باشترین شۆفێری پێشبڕکێیەکە، ئەمە لە کاتێکدا کە لە دوایین سێ پێشبڕکێ لە ژاپۆن ئەنجامدرابێت، تەنیا تیمەکانی رێدبوڵ و مێرسیدس توانیویانە ناسناوەکە بەدەستبهێنن.
پێشبڕکێی داهاتووی فۆرمولا 1 لە 21ی ئەم مانگە لە وڵاتی چین ئەنجامدەدرێت، کە لە دوای 2019ەوە هیچ پێشبڕکێیەک لەو وڵاتە ئەنجامنەدراوە.