شۆفێرانی فۆرمولا1 لەنێوان مووچەی خەیاڵی و بە ملیاردێربووندان

مایکڵ شوماخەر، ئەفسانەی بواری فۆرمولا 1. فۆتۆ: AP

شۆفێرەکانی فۆرمولا 1 لە لێواری مردن و ژیانن لە کاتی پێشبرکێیەکان، بەهۆی ئەو ئاڵنگاری و مەترسییەی تووشی دەبن هەروا بە ئاسانی موچەیەکی کەمیان پێنادرێت، دەکرێت هەندێکیان داهاتیان لە زۆر یاریزانی نێو بوارە جیاوازەکانی وەرزش زیاتربێت و دەگاتە ئاستی خەیاڵی.

لویس هامیڵتنی حەوت جار پاڵەوانی جیهان و شۆفێری ئێستای تیمی مێرسیدس و شۆفێری داهاتووی تیمی فێراری، داهاتی گشتی 285 ملیۆن دۆلارە تەنیا لە ساڵی 2023دا، هامیڵتن تەنیا بە مووچەکەی بڕی 55 ملیۆن دۆلاری بەدەستهێناوە.

لەلایەکی دیکەوە، ماکس ڤێرشتاپن، شۆفێری تیمی رێدبوڵ، دوای بردنەوەی ناسناوی پاڵەوانییەتی جیهان لە 2023، بە دووەم دەوڵەمەندترین شۆفێری ساڵی 2023 و ئەمساڵی فۆرمولا وەن دادەنرێت، لەگەڵ بردنەوەی زۆربەی پێشبرکێیەکانی ساڵی رابردوو و تۆمارکردنی ریکۆرد، بڕی داهاتی شۆفێرە هۆڵەندیەکە گەیشتووەتە 165 ملیۆن دۆلار، موچەی ساڵی پاری 43 ملیۆن دۆلار بووە.

ئۆتۆمبێلی لویس هامیڵتن، شۆفێری تیمی مێرسیدس. فۆتۆ: AP

ئەوەی تاوەکو ئێستا بە دەوڵەمەندترین شۆفێری بوارەکە ماوەتەوە، کە ماوەی زیاتر لە 13 ساڵە نە دەنگی هەیە نە دەردەکەوێت، ئەویش مایکڵ شوماخەری ئەفسانەیە، حەوت جار پاڵەوانی جیهان و یەکێک لە باشترین شۆفێرەکانی بواری فۆرمولا 1ە، هەرچەندە شوماخەر لە ژیاندا ماوە، بەڵام دوای رووداوە تراژیدیاکەی کە بەسەریدا هات، لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا لەسەر کورسیەک کاتەکانی بەسەردەبات، شوماخەر لە سەردەمی خۆیەوە و تاوەکو ئێستاش هەر دەوڵەمەندترینە، یەکەم کەسیشە لە بواری وەرزشدا ببێتە ملیاردێر و ساڵی 2005 ئەو ریکۆردەی تۆمارکرد، تاوەکو ئێستاش هیچ کەسایەتی نێو بواری وەرزش نەیتوانیووە ئەو ریکۆردە ببات بۆ خۆی.

پێشبڕکێی ئوستراڵیای 2024. فۆتۆ: AP