فێرارییەکان پێشبڕکێی ئوستراڵیایان بۆخۆیان مسۆگەرکرد

کارلۆس ساینز و چارلز لێکلێرک، شۆفێرانی تیمی فێراری، لە پێشبڕکێی ئوستراڵیا 2024. فۆتۆ: AP

سوپرایزی ئەمجارەی پێشبرکێی فۆرمولا 1 بۆ هاندەران شتێکی دیکە بوو، کاتێک فێرارییەکان توانییان پلەکانی یەکەم و دووەم مسۆگەربکەن، پلەی سێیەمیش بۆ ماکلارێن دەرچوو.

بردنەوەکانی ماکس بۆ هاندەران ئاسایی بووەتەوە، بەڵام لە پێشبرکێی ئوستراڵیا جێگە نەبوو بۆ کوڕانی رێدبوڵ، ڤێرشتاپن بەهۆی کێشە لە ئۆتۆمبێلەکە و تایەکانی بە تەواوی لە پێشبرکێیەکە چووە دەرەوە، دواتر کوڕانی فێراری توانیان پێشبکەون.

کارلۆز ساینزی ئیسپانی، کە ماوەیەکی کەمە نەشتەرگەری ئەنجامداوە، توانی بەهێز بگەڕێتەوە، سەڕەرای ئەوەی پێشبڕکێی ئوستراڵیا بە یەکێک لە ناخۆشترین رێگەکان دادەنرێت.

کارلۆس ساینز، شۆفێری تیمی فێراری دوای بردنەوەی پێشبڕکێی ئوستراڵیای 2024. فۆتۆ: AP

ساینز توانی پێشڕەوی بکات و پێشبرکێی ئوستراڵیای بۆخۆی مسۆگەرکرد، ساینز لەمساڵدا دووەمجارە بە باشترین شۆفێری پێشبرکێکان دادەنرێت، پلەی دووەمیش بۆ چارلز لێکلێرکی هاوتیمی بوو، تیمی ماکلارێنیش لە رێگەی لاندۆ نۆریس توانیان بۆ یەکەمجار لەمساڵدا پلەیەک بەدەستبهێنن.

تیمی رێدبوڵ و تیمی مێرسیدس، لەم پێشبرکێیەدا بە پێچەوانەی پێشبینییەکانەوە بینران، بەهۆی کێشە لە ئۆتۆمبێلەکانیان نەیانتوانی تەنانەت نزیک ببنەوە لە تۆپ پێنجی ریزبەندی پێشبرکێی ئوستراڵیا.