تیمی بۆکسێنی هەڵبژاردەی کوبا دەستیانکردووە بە دوایین ئامادەکارییەکانیان بەمەبەستی بەشداریکردنیان لە یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی هاوینەی 2024، کە لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا بەڕێوەدەچێت.
کوبا لە کێشە جیاوازەکانی یاریی بۆکسێن خاوەن مێژووییەکی زێڕین و پڕدەستکەوتە، کە زۆرترین مەدالیاکانی ئەو یارییەی لەمێژووی ئۆڵۆمپیاددا بەدەستهێناوە و ژمارەیەک ئەستێرەی زۆری بەرهەمهێناوە لەوانە تیۆفیلۆ ستیڤنسۆن و فێلیکس سافۆی پاڵەوانانی کێشی قورس، کوبا لە یاری بۆکسێن تاوەکو ئێستا 41 مەدالیای ئاڵتوونیی بەدەستهێناوە.
پەیمانم بەخۆم و خەڵکی وڵاتەکەم و خێزانەکەشم داوە، کە بڕۆم بۆ پاریس و مەدالیای ئۆڵۆمپی بەدەستبهێنم، تاوەکو پارێزگاری لەو دوو مەدالیایە بکەم لە رابردوودا بەدەستمهێناون، ئێمە لەبەرئەوە لێرەین بۆ ئەوەی خۆمان بەباشی ئامادەبکەین.
جولیۆ سیزار لا کروز – بۆکسێنەر
کوبا هەوڵدەدات لانی کەم لەسەر ئاستی پیاوان دوو مەدالیای ئاڵتوونیی ئۆڵۆمپیاد بباتەوە، سەرەڕای ئەوەش ژمارەیەکی زۆر لەئەستێرەکانی یاریی بۆکسێنی وەک ئاندی کروز و یونلێس هێرناندێز لە وڵاتەکەیان رایانکردووە تاوەکو لەلایەنی داراییەوە بارودۆخێکی باشتر بۆخۆیان برەخسێنن.
بەرێکخستنێکی زۆرباش و ئامادەکارییەکی زۆرەوە راهێنانەکان ئەنجامدەدەین، هەموو توانای خۆمان پێشکەش دەکەین و هەوڵدەدەین لە باشترین بارودۆخدا بەشداریی ئۆڵۆمپیاد بکەین.
سایدێل هۆرتا- بۆکسێنەر
ئەستێرەکانی کوبا هیوادارن بەلایەنی کەمەوە سێ بۆکسێنەری ئاستی پیاوان سەربکەوێت تاوەکو تیمی ئۆڵۆمپی وڵاتەکەیان تەواوبکەن، کە پێکهاتوون لە حەوت پیاو و یەک خانم.
هەریەک لە جۆلیۆ سیزار لا کروز، ئارلین لۆپێز، سایدل هۆرتا و ئەلیخاندرۆ کارلۆ سەرکەوتنیان بۆ ئۆڵۆمپیادی پاریس مسۆگەرکردووە و بەتەواوی ئامادەن بۆ کێبڕکێیەکان.