ئۆڵۆمپیادی پاریس 2024 بە تەواوی ئامادەیە

تێرمیناڵی ساری پاریس بۆ ئۆڵۆمپیادی پاریسی 2024. فۆتۆ: AP

کەمتر لە 100 رۆژ ماوە لەبەردەم رێکخەرانی ئۆڵۆمپیادی پاریس، تاوەکو خۆیان بۆ ئەو بۆنە وەرزشییە مێژووییە ئامادەبکەن، لە دەستپێشخەرییەکیشدا بازنەکانی ئۆڵۆمپیاد بە تێرمیناڵی ژمارە یەکی فڕۆکەخانەی شارل دیگۆل لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا هەڵواسرا.

دەمانەوێت دڵنیابینەوە لەوەی کە وەرزشوانان و گەشتیاران لە باشترین بارودۆخدا دەگەنە شاری پاریس، ئەمە ئاڵنگارییەکی گەورەیە لەبەردەمماندا، لە جانتا و پێداویستییەکاندا جۆراوجۆرییەکی زۆر هەیە و هەموو شتێک پێویستە لە هەنگاوی یەکەمەوە لەسەر خاکی فەرەنسا بە باشی بەڕێوەبچێت، بۆیە بەڕاستی دەمەوێت پیرۆزبایی لە گروپی ADP بکەم لەسەر هەموو ئەو کارانەی کە ماوەی ساڵێکە ئەنجامی دەدەن، چ بۆ یارییە ئۆڵۆمپیەکان و چ بۆ یارییەکانی پارالۆمپیک.

تۆنی ئیستانجێ، سەرۆکی لیژنەی رێکخەری ئۆلۆمپیادی پاریس.

کۆمپانیای "ئەی دی پی"، بەرپرس و سەرپەرشتیاریی فرۆکەخانەیە لەبارەی ئامادەبووان و کارئاسانیکردن بۆ ئەو گەشتیارانەی لە مانگەکانی تەمموز و ئابدا دەگەنە پاریس، بۆ ئەو مەبەستەش پانتاییەکی گەورەیان بە مەودای 10 هەزار کیلۆمەتر بۆ جانتا و پێوداویستییەکان تەرخانکردووە، لەگەڵ ئامێری سکانەری خێرا بۆ هاتووان و هەموو ئەو پێداویستییانەی بەنێو فرؤکەخانەدا بەرەو شارەکە تێپەڕدەکەن، بە جۆرێک، کە بەهیچ شێوەیەک قەرەباڵغی و ئاستەنگی دروست نابێت، کە ئەوەش دووجار سوودی هەیە، جارێک لەرووی ئەزموونی فەرەنسا لە بوارە ئۆڵۆمپیەکان و سازکردنی بۆنە وەرزشییەکاندا، دووەمیش لەپێناو پاراستی گیانی گەشتیاران لەهەر رووداویکی ئەمنی و تیرۆریستی نەخوازراو.

کارێکی زۆرمان کردووە لەسەر دەستراگەیشتن بە پێداویستییەکان و کارئاسانی بۆ گەشتیاران، ئێستا پێموایە دەتوانین دەستخۆشی لە خۆمان بکەین، وەرزشوانان دەتوانن هەست بە دڵنیایی بکەن، هەروەها ڕێوشوێنی ئەمنی بەهێزیش گیراوەتەبەر بۆ دڵنیابوون لەوەی کە دەتوانن لە باشترین بارودۆخدا بگەنە فڕۆکەخانەی شارل دیگۆل و بەدووربن لە ریزگرتن و قەرەباڵغی.

تۆنی ئیستانجێ، سەرۆکی لیژنەی رێکخەری ئۆلۆمپیادی پاریس.

چاوەرواندەکرێت، لەکاتی بەڕێوەچوونی چالاکییەکانی ئۆڵۆمپیادی پاریس، رۆژانە 30 هەزار ئەفسەری پۆلیس لەنێو شارەکە و فرۆکەخانەکاندا دەستبەکاربن، هەروەها بە گووتەی بەرپرسانی شارەوانی شارەکە، 20 هەزار کەس لە قۆناغی راهێناندان و 12 هەزار کەسی دیکەش بەهەمانشێوە دادەمەزرێنرێن بۆ کارئاسانیکردن بۆ گەشتیاران و پاراستنی گیانی ئامادەبووان، هەر لەم مانگەشدا، حکومەتی فەرەنسا ئاستی ئامادەباشیی بەرزترکردەوە و چەندین خولی راهێنان و تاقیکاریی بۆ پۆلیسی شارەکە ئەنجامدا بۆ رووبەرووبوونەوەی هەر رووداویکی نەخوازراو.

فرۆکەخانەی پاریس، خۆیان ئامادەکردووە بۆ ئۆڵۆمپیادی پاریس 2024. فۆتۆ: AP