توێژینەوەیەکی نوێ: بەکارهێنانەوەی زەیت خانەکانی مێشک لەناودەبات

بەگوێرەی توێژینەوەیەکی هندی کە لەسەر جرج کراوە، دووبارە بەکارهێنانەوەی زەیت هۆکارە بۆ تێکچوونی دەماری و لە ناوچوونی خانەکانی مێشک.

ئەو جرجانەی لە کاتی توێژینەوەکەدا ئەو خواردنانەیان پێدەدرا کە بە زەیتی کۆن یان دووبارە گەرمکراو ئامادەدەکرا، تێیاندا تێکچوونی دەماری زیاتر بەدیدەکرا بەراورد بە ئەو جرجانەی زەیتی نوێ بۆ ئامادەکردنی خواردنەکانیان بەکاردەهێنرا.

چۆن زەیتی دووبارە گەرمکراو کاریگەریی لەسەر تەندروستیی مرۆڤ دەبێت؟

بە گوێرەی چەند توێژینەوەیەک، زەیتی دووبارە گەرمکراو هۆکارە بۆ زیادبوونی ئاستی کۆڵسترۆڵ و هەوکردن، ئەمانیش هۆکارن بۆ نەخۆشییەکانی دڵ و تێکچوونی دەماری. هاوکات، لەناوچوونی خانە دەمارییەکان هۆکارە بۆ تووشبوون بە نەخۆشیی ئاڵزهایمەر.

دووبارە بەکارهێنانەوەی زەیت زیان بە جگەریش دەگەیەنێت و دەکرێت کەسەکە تووشی چەوریی ناکحولی جگەر بکات.

هەر زەیتێک لە پلەیەکی گەرمیی دیاریکراودا دەسووتێت، گەرمکردنەوەی زەیت دەبێتەهۆی نزمکردنەوەی پلەی گەرمیی سووتانی زەیتەکە و لە ئەنجامدا زیان بە تەندروستیی دەگەیەنێت. بەهۆی گۆڕانی پێکهاتەی زەیتەکەوە، ئەم دووبارەبەکارهێنانەوەیە دەکرێت تامی خواردنیش تێکبدات.

لە کاتی گەرمکردنەوەی زەیتدا، چەند ماددەیەکی زیانبەخش دروستدەبن وەکو ئەڵدیهاید و ئەم ماددەیە مەترسیی تووشبوون بە چەند جۆرێکی نەخۆشیی شێرپەنجە زیاددەکات.