رووسیا.. 7 رۆژنامەنووس بە تۆمەتی جیا دەستگیر کران

ساتی دەستگیر کردنی یەکێک لە رۆژنامەنووسەکان فۆتۆ: afp

دادگای رووسیا رۆژنامەنووسێکی بە دوو ساڵ زیندانی سزادا بەهۆی هێرشی رووسیای بۆ سەر ئۆکرانیا ئیدانە کردبوو، هاوکات شەش رۆژنامەنووسی دیکە کە لە میدیای "سەربەخۆ" کار دەکەن، دەستگیر کران.

رێکخراوی OVD-Info کە رێکخراوێکی ناحکومییە و تایبەتە بە چاودێریکردنی سەرکوتکاری، رایگەیاندووە "میخائیل فێڵدمان، رۆژنامەنووس و چالاکوان لە شاری کالینینگراد، بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ "سوکایەتیکردن" بە سوپا سزا دراوە بە بەندکردن.

فێڵدمان، پێشتر لە سەرەتای ساڵی 2022دا بە غەرامەکردن سزا درا پاش بەشداریکردنی لە خۆپیشاندانێکدا دژی هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا.

بەگوێرەی رێکخراوەکە، بەهۆی بڵاوکردنەوەی بابەتێک بەشێوەی ئۆنلاین کە رەخنەی لە هێرشی رووسیا بۆ سەر کیێڤ گرتووە، سزا دراوە.

میخائیل فێڵدمان، رۆژنامەنووس و چالاکوان لە شاری کالینینگراد، لە بابەتەکەیدا نووسیوێتی "من ناکوژم، تاڵانم نەکردووە، دزیم نەکردووە، دەستدرێژیم نەکردووە، شەڕی داگیرکاریم لە دژی وڵاتێکی دراوسێ دەستپێنەکردووە".

بەگوێرەی لایەنە نەیارەکانی مۆسکۆ، لە رووسیا هەر کەسێک بە ئاشکرا رەخنە لە کرێملین بگرێت دەکرێتە ئامانج، لەوانە رۆژنامەنووسان، پارێزەران، چالاکوانان و تەنانەت هاوڵاتیی ئاسایی-ش.

رێکخراوی ئۆڤی دی ئینفو دەڵێت: "رۆژی پێنجشەممەش پۆلیسی مۆسکۆ لەماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا پێنج رۆژنامەنووسی سەربەخۆی دەستگیرکردووە".

ئەنتۆنینا فاڤۆرسکایا، فۆتۆگرافەری کۆمپانیای سۆتا ڤیژن، کە یەکێکە لەو میدیایانەی رووماڵی "سەرکوتکردنی سیاسی" لە رووسیا دەکات، شەوی چوارشەممە لێپرسینەوەی لەگەڵدا کرا، دوای ئەوەی بۆ ماوەی دە رۆژ رەوانەی زیندان کرا بەهۆی دانانی گوڵ لەسەر گۆڕی کەسایەتی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی ئەلێکسی ناڤالنی کە گیانیلەدەستدا لە زیندان لە مانگی شوباتدا.

بەگوێرەی سایتی "میدیازۆنا" کە تایبەتە بە بەدواداچوون بۆ دۆسیە یاساییەکانی پەیوەست بە ئۆپۆزسیۆنی رووسیا، دۆسیەی فاڤۆرسکایا پەیوەستە بە چالاکییەکانی بزووتنەوەی ناڤالنی، کە دەسەڵاتی دادوەری رووسیا بە "توندڕەو" پۆلێنی کردووە.

فاڤۆرسکایا ساڵانێکە رووماڵی دادگاییەکانی ناڤالنی دەکات، ئەو کەسە بوو کە دوایین ڤیدیۆی ناڤالنی بڵاوکردەوە، لە 15ی شوبات لەکاتی دانیشتنی دادگاییکردنەکەدا.

هاوکارەکانیشی کە بریتین لە ئەلێکساندرا ئاستاخۆڤا و ئەناستاسیا موساتۆڤا، بەگوێرەی زانیارییەکانی سۆتاڤیژن، دەستگیرکراون و براون بۆ لێکۆڵینەوە.

بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە، 28ی ئازار، پۆلیس رۆژنامەنووس ئیکاتێرینا ئەنیکیڤیچ لە دەزگای "سۆتا ڤیژن" و رۆژنامەنووس کۆنستنتین گارۆڤ لە "رووس نیوز" دەستگیرکران، لەکاتێکدا لە نزیک ماڵی فاڤۆرسکایا وێنەیان دەگرت.

هەروەها ئۆلگا کۆملێڤا رۆژنامەنووسی رووسنیوز لە شاری ئوفا لە کۆماری باشکۆرتان دەستگیرکرا و رۆژی پێنجشەممە بە تۆمەتی "بەشداریکردن" لە رێکخراوی ناڤالنی، بۆ ماوەی دوو مانگ لە دەستبەسەرکردنی پێش دادگاییکردندا دانرا و سزای شەش ساڵ زیندانیکردنی بۆ دەرچوو.