کەناڵ8- سلێمانی
پزیشکێکی پسپۆڕ دەڵێت گرنگترین پشکنینی پێشوەختە بۆ رێگری لە نەخۆشییەکانی دڵ و بۆرییەکانی خوێن، خۆکێشانە!
پڕۆفیسۆر د. ئارام بارام، پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەریی سنگ و دڵ و بۆرییەکانی خوێن، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵ8 دەڵێت "سادەترین و گرنگترین هەنگاو بۆ رێگرتن لە نەخۆشییەکانی دڵ و بۆرییەکانی خوێن بەر لە سەردانی پزیشک دەستپێدەکات، ئەویش بە خۆکێشان و پاشان دابەزاندنی هەر کێشێکی زیادەی لەش، بەم هەنگاوە وادەکەیت کەمتر پێویستت بە سەردانی پزیشک و نەخۆشخانە بێت".
لەبارەی رێگە کاریگەرەکانی رێگریکردن لە تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و بۆرییەکانی خوێنیش دەڵێت "پیادەڕەویکردن لە باشترین رێگەکانە بۆ کەمکردنەوەی ئەگەری تووشبوون بەو نەخۆشییانە، بەجۆرێک؛ پیادەڕەوی ئەگەری خەستبوونەوەی خوێن و کڵۆی خوێنبەرەکان، تەسکبوونەوەی خوێنهێنەرەکان و سەرەنجام ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی دڵ و مێشکیش کەمدەکاتەوە".
پزیشکە پسپۆڕەکە دەڵێت قەڵەوبوون و نەجووڵان گەورەترین هۆکاری نەخۆشییەکانی خوێنبەر و خوێنهێنەرەکانن لەم سەردەمەدا، بۆیە چالاکبوون و کێشدابەزاندن دەبنە کاریگەرترین رێگەکانی دووربوون لە نەخۆشییەکانی دڵ و بۆرییەکانی خوێن کە هۆکاری یەکەمی مردنن لەسەر ئاستی جیهان.