نووسینی نامە بۆ پیریی خۆت واتلێدەکات درەنگتر پیرببیت

بیرکردنەوە لە داهاتوو وادەکات تەندروستانەتر بژیت

لەوانەیە بۆ هەموومان بڕیاردان ئاسان بێت، بەڵام ئەوەی کە تا چەند بڕیارەکان جێبەجێدەکرێن، کارێکی ئاسان نییە و لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگۆڕێت. بڕیارەکانی وەکو، وازهێنان لە جگەرەکێشان و کحول، زیاتر خواردنی خۆراکە تەندروستەکان، وەرزشکردن و چوون بۆ هۆڵی لەشڕێکی، پاشەکەوتکردنی پارە؛ ئەو بڕیارانەن کە زۆر بەرگوێ دەکەون، بەڵام کەم جێبەجێدەکرێن. مارتا زاراسکا، کە رۆژنامەنووسێکی کەنەدی-پۆڵەندییە، باس لەوە دەکات کە دەکرێت لەڕێگەی بینینی وێنەیەکی خۆت بە پیری، یان نووسینی نامە بۆ خۆت لە داهاتوودا، زیاتر پابەند ببیت بە بڕیارەکانتەوە و زیاتر گرنگی بە تەندروستیی خۆت بدەیت.

بەگشتی کاتێک خەڵکی بیر لە داهاتووی خۆیان دەکەنەوە، وا هەستناکەن بیر لە خۆیان دەکەنەوە، بەڵکو لە خەیاڵی خۆیاندا بیر لە کەسێکی دیکە دەکەنەوە. تەنانەت لە توێژینەوەکاندا دەرکەوتووە کە کاتێک کەسێک قسە لەسەر داهاتووی خۆی دەکات، لەجێگەی جێناوی "من"، جێناوی "ئەو" بەکاردەهێنێت. بۆنموونە ئەگەر لە گەنجێکی 20 ساڵ بپرسیت کە پێت وایە دوای 10 ساڵ چۆن کەسێک دەبیت، پێت دەڵێت: منی 30 ساڵە کەسێکی باش دەبێت، ئیشێکی هەیە کە تێیدا سەرکەوتوویە و دوو منداڵیشی هەیە!
ئەمەش چونکە بەگشتی خەڵکی پێیان وایە داهاتوویان بەتەواوی دابڕاوە لە خۆیان، هەر بۆیە کاتێک بڕیارێک دەدەن کە پەیوەستە بە پێنج یان 10 ساڵی داهاتووی ژیانیانەوە، لە نائاگاییاندا وا بیردەکەنەوە کە سوودەکانی ئەم بڕیارە بۆ کەسێکی دیکە و بۆخۆیان نییە، بۆیە لەوانەیە کەمتەرخەمی بکەن لە جێبەجێکردنیدا. نەک هەر بڕیاری بەسوود، بەڵکو کاتێک لە توێژینەوەکاندا داوا لە خوێندکارانی زانکۆ کراوە کە دوای چەند ساڵێکی دیکە بەشداری لە تاقیکردنەوەیەکدا بکەن کە قێزەون بووە، زۆر بەئاسانی بڕیاریانداوە کە بەشداربن، چونکە وا بیریان نەکردۆتەوە کە ئەوەی لە داهاتوودا بەشداردەبێت، خۆیانن.

مارتا باس لەوە دەکات کە یەکێک لە هۆکارەکانی جێبەجێنەکردنی بڕیارە باشەکان ئەوەیە کە کەسەکە بەتەواوی دابڕاوە لە داهاتووی خۆی و ئەگەر بتوانێت دنیابینییەکی وا بۆخۆی دروستبکات کە داهاتووی بەشێکە لە خۆی، دەتوانێت باشتر بڕیارەکانی جێبەجێبکات، توێژینەوەکان دەریانخستووە کە هەستکردن بەوەی کە داهاتووت پەیوەستە بە ئێستاتەوە، وادەکات کە:

  • پارەیەکی زیاتر پاشەکەوت بکەیت بۆ داهاتوو
  • خواردنی تەندروستتر بخۆیت
  • کەمتر جگەرە بکێشیت
  • کەمتر هەست بە ئازار و ناڕەحەتی بکەیت

مارتا، باس لە چەند رێگەیەک دەکات کە یارمەتیی خەڵکی دەدەن تاوەکو زیاتر ئێستایان پەیوەست بکەنەوە لەگەڵ داهاتوویان:

  • نووسینی نامە بۆ خۆت لە داهاتوودا: کەسەکە نامە بۆ خۆی بنووسێت، جا خۆی لە سێ مانگی داهاتوو، یان دوای دە ساڵ. دواتریش وەڵامی نامەکە بداتەوە، وەکو ئەوەی کە دوای دە ساڵ نامە بۆ ئێستای خۆی دەنێرێتەوە. توێژینەوەکان دەریانخستووە ئەوانەی ئەم کارە دەکەن، زیاتر گرنگی بە وەرزشکردن و تەندروستیی خۆیان دەدەن و زیاتر پابەنددەبن بە بڕیارە باشەکانیانەوە
  • سەیری وێنەی پیریی خۆت بکە: چەندین بەرنامە هەن کە دەکرێت بۆ مۆبایلەکان داببەزێنرێن و کاتێک وێنەی خۆتیان دەخەیتەناو، شێوەی خۆتت بە پیری نیشاندەدەن. توێژینەوەکان دەریانخستووە کە بینینی ئەو وێنانە، وادەکات خەڵکی زیاتر بیر لە داهاتووی خۆیان بکەنەوە، گرنگی پێبدەن و هەنگاوەکانیان رووەو خزمەتکردنی داهاتووی خۆیان بێت.