بۆ خوێندکاران، چۆن توانای سەرنجدان زیادبکرێت؟

وەرزشکردن توانای سەرنجدان زیاددەکات

لەناو پۆلدا دانیشتوویت، یان لە ماڵەوە خەریکی خوێندنی وانەکانتی؛ دەیخەیتە سەر لاپەڕەیەک و خەریکی خوێندنەوەیت، سەیردەکەیت لاپەڕەکەت تەواوکردووە بەڵام نازانی چیت خوێندووەتەوە، کە بیری لێدەکەیتەوە بۆت دەردەکەوێت ئەوکاتەی خەریکی خوێندنەوە بوویت مێشکت لای ئەوە بووە کە جاری رابردوو لەگەڵ هاوڕێکەت دەمەقاڵێت بوو، دەبوو چیت پێگووتبا و نەتگووتووە، یان سبەی دەتەوێت چی لەبەربکەیت بۆ قوتابخانە یان بۆ چوونەدەرەوەی هەفتەی داهاتووی خوێندنگە و کۆلێژ، یانیش خەریکی خوێندنی وانەی بیرکاریت و سەرنجت رۆشتووە بۆ سەر لاپەڕەکانی کتێبی ئینگلیزی؛ ئەمە، پەیوەستە بە توانای سەرنجدانەوە، کە لەوانەیە یەکێک بێت لە گرنگترین ئەو توانایانەی پێویستن بۆ مرۆڤێک بۆئەوەی بتوانێت کارە پێویستەکانی رۆژانەی بکات. ئاشکرایە و توێژینەوەکانیش سەلماندوویانە کە ئەو خوێندکارانەی توانای سەرنجدانیان باشترە و کەمتر لە کاتی وانەخوێندندا مێشکیان بەملاولادا دەڕوات، لە خوێندندا سەرکەوتووترن و نمرەی بەرزتر دەهێنن. پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە، ئەوانەی هاوشێوەی سیناریۆکەی سەرەوە سەرنجیان دەڕوات، دەبێت بێهیواببن یاخود رێگەیەک هەیە بۆ زیادکردنی توانای سەرنجدان؟

هۆکارەکانی لاوازیی توانای سەرنجدان چیین؟

وەکو چۆن کاتێک 10 بەرنامە بەیەکەوە لەسەر کۆمپیوتەرێک دەکەیتەوە، خاودەبێتەوە، فشاری زۆریش لەسەر مێشک کاریگەریی هاوشێوەی هەیە؛ جا ئەم فشارە بە هۆکاری سەرقاڵبوونی مێشکی کەسەکەوە بێت بە چەند شتێکی جیاواز، یان بوونی نەخۆشی و هۆکاری جەستەیی.

  • نەخۆشی: ژمارەیەک نەخۆشی و پەشێوی هەن کە کاردەکەنە سەر توانای سەرنجدانی مرۆڤ و وایلێدەکەن خاوببێتەوە، بۆنموونە پەشێویی خەمۆکی یان ئەو گرفتانەی کاردەکەنە سەر ماوە و کوالێتیی خەو، وەکو گیرانی بۆڕیی هەناسە لە کاتی خەودا
  • کاریگەریی لاوەکیی دەرمان: هەندێک دەرمان، بۆنموونە ئەوانەی بۆ چرکەمیزە، خەمۆکی و هەستەوەری بەکاردەهێنرێن، کاردەکەنە سەر خێرایی لێکدانەوەی زانیارییەکان و توانای بیرکردنەوەی مێشک
  • خواردنەوە کحولییەکان: زۆر خواردنەوەی کحول هۆکارێکە بۆ لاوازبوونی توانای سەرنجدان
  • سەرقاڵی زۆری مێشک: لەم سەردەمەدا، رۆژانە مێشک لە دەیان سەرچاوەوە زانیاریی پێدەگات، هەر لە تەلەڤیزیۆن، کۆمپیوتەر، سۆشیاڵ میدیا و نامە، تاوەکو کتێب و وانە و چەندین شتی دیکە. زۆر وەرگرتنی زانیارییە جۆراوجۆرەکان فشار لەسەر مێشک دروستدەکات و وادەکات توانای تێگەیشتن و سەرنجدانی لاوازببیت

چۆن توانای سەرنجدان بەهێزبکرێت؟

ئەگەر بتەوێت دارێکی ژەهراوی لە باخچەی ماڵەکەتدا لەناوببەیت، باشترین رێگە ئەوەیە کە رەگەکانی بدۆزیتەوە و لە رەگەوە هەڵیبکەنیت. بێگومان ئەمە بۆ چارەسەری هەر کێشەیەکی دیکەش راستە. ئەگەر هەر یەکێک لەم هۆکارانەی لە سەرەوە باسکران لە خۆتدا شکدەبەیت، سەرەتا هەوڵبدە ئەمانە چارەسەر بکە. دواتر دەتوانیت پەیڕەوی ئەم رێگەیانە بکەیت:

  • کیم وڵمێت، کە مێشکزان و دەروونناسێکی سەر بە زانکۆی هارڤاردە، پێشنیازی راهێنانێکی سادە دەکات بۆ زیادکردنی توانای سەرنجدان؛ بۆ ماوەی نیو کاتژمێر بخوێنەرەوە و وانەکانت بخوێنە، بەڵام زەنگی مۆبایلەکەت والێبکە هەموو پێنج خولەک جارێک لێبدات. کە زەنگی مۆبایلەکە لێیدا، بیربکەرەوە بزانە لە ماوەی ئەو پێنج خولەکەی وانەخوێندندا سەرنجت رۆیشت، ئەگەر رۆیشتبوو تەنیا بزانە سەرنجت بۆ کوێ چووە و دەستبکەرەوە بە وانەخوێندن. کیم دەڵێت تەنیا سەرنجخستنەسەر ئەوەی کە سەرنجت رۆیشتووە، بەرەبەرە مێشکت رادەهێنێت کە کەمتر بەملاولادا بڕوات و زیاتر سەرنج بخاتە سەر ئەو ئەرکەی ئێستا لەبەردەستە.
  • وەرزشکردن: پەیوەندییەکی راستەوخۆ لەنێوان وەرزشکردن و توانا هزرییەکاندا هەیە، بەتایبەت توانای سەرنجدان، چونکە لە کاتی وەرزشکردندا کۆمەڵێک ماددە زیاددەکەن کە دەبنەهۆی زیادبوونی پەیوەندیی نێوان خانەکانی مێشک، کەمبوونەوەی گوشاری دەروونی و باشترکردنی کوالێتیی خەو.
  • باش خەوتن: خەوتن زۆر گرنگە بۆ مانەوەی جەستە بەتەندروستی، هەروەها بۆ بەهێزکردنی توانا هزرییەکان. گرنگە هەرکەسێک شەوانە ئەو ماوەیەی کە بەگوێرەی تەمەنەکەی پێویستییەکی، بخەوێت.
  • راهێنانی مێشک لەڕێگەی یارییە هزرییەکانەوە: کۆمەڵێک یاری هەن بۆ زیادکردنی توانای هزری پەرەیان پێدراوە، بەشێک لە توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کردنی ئەم یارییانە توانای یادەوەری، سەرنجدان و بیرکردنەوە زیاددەکات.