چارەسازێکی دەروونی: جەژن و بۆنەکان متمانەبەخۆبوون بەهێزدەکەن

فرمێسک جاف، چارەسازی دەروونی

کەناڵ8- سلێمانی

چارەسازێکی دەروونی دەڵێت جەژن و بۆنە جیاجیاکان بۆ لایەنی دەروونی و کۆمەڵایەتیی مرۆڤ سوودبەخشن، بەتایبەت بۆ ژیانی ئێستا کە هاندەری کەمبوونەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانە، بەدووریشی دەزانێت ئەرکە ئایینییەکانی وەکو رۆژوو ببنەهۆی تووڕەیی زۆر و گوشاری دەروونی.

فرمێسک جاف، چارەسازی دەروونی، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵ8 دەڵێت "بۆنە گشتییەکانی وەکو جەژنی نەورۆز، ژمارەیەکی زۆری خەڵک پێکەوە کۆدەکەنەوە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بەهێزدەکەن، هەروەها کاتێک بۆ ئامانجێکی هاوبەش لەو بۆنەیەدا کۆدەبنەوە، متمانەبەخۆبوونی تاکەکانی ئەو نەتەوەیە بەهێزدەکەن".

چارەسازە دەروونییەکە لەبارەی تووڕەبوون یان گوشاری دەروونی لەکاتی رۆژووشدا دەڵێت "تووڕەیی ئاماژەی رازینەبوونە بە دۆخێکی دیاریکراو، بۆ نموونە برسییەتیی کاتی رۆژوو، گوشاری دەروونیش گەیشتنە بە بنبەست لە چارەسەری دۆخێکدا، بۆ نموونە برسیەتیی هەیە و ناتوانێت خواردن بخوات بەهۆی ئەرکە ئایینییەکەی، واتە دەکرێت بەم هۆکارانە تووڕەیی و سترێس رووبدەن، بەڵام بەگشتی لە ئەرکە ئایینییەکاندا کەمتر ئەم کاردانەوانە زیاد لە پێویست دەبن و کەسەکە بەسەر دۆخەکەیدا زاڵدەبێت، بەو پێیەی هۆکارەکان رەزامەندانەن و خواستی خودی کەسەکەن".

فرمێسک جاف دەڵێت  پەرستشە ئایینییەکان و یۆگا لە رێگا کاریگەرەکانی بەرەنگاربوونەوەی گوشاری دەروونی و تووڕەیین.