پسپۆڕێك: دەکرێت پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان وەکو چارەسەری دەروونی بەکاربهێنرێن

ئەڤین ئەحمەد-چارەسەرکاری دەروونی

پسپۆڕێکی دەروونی ئاماژە بە گرنگیی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دەکات و دەڵێت دەکرێت هەم رێگریی لە نەخۆشییە دەروونییەکان بکات، هەمیش وەکو بەشێک لە چارەسەر یارمەتیی چارەخوازان بدات.

ئەڤین ئەحمەد، چارەسەرکاری دەروونی، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە کەناڵ8ی راگەیاند کە ژینگە، پەروەردە و جینەکان کاریگەرییان لەسەر کەسایەتیی کۆمەڵایەتیی مرۆڤ هەیە' بەجۆرێک کە ئەم هۆکارانە دیاریدەکەن کە کەسەکە گۆشەگیرە یان نا.

هەروەها پسپۆڕەکە باسی لەوە کرد کە گرنگە جیاوازی بکرێت لەنێوان ئەو گۆشەگیرییەی بەشێكە لە کەسایەتیی مرۆڤ، لەگەڵ گۆشەگیرییەک کە هۆکارەکەی نەخۆشیی دەروونی بێت.
"ئەگەر هاتوو کەسەکە هەر لە منداڵییەوە کەسایەتییە گۆشەگیرەکەی جێگیر بوو، ئەوا پێویستناکات نیگەرانی بین، بەڵام ئەگەر بێتوو لەناکاو کۆمەڵێک گۆڕانکاری لە کەسایەتییدا رووبدات و کەسەکە بەرەو دابڕان بڕوات، دەکرێت ئەمە نیشانەی گرفتی دەروونی بێت"

چارەسەرکارە دەروونییەکە گووتی کە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دەکرێت پشتگیرییەکی گەورەبن بۆ مرۆڤ، بۆیە گرنگە لە جەژن و بۆنەکاندا ئەم پەیوەندییانە بەهێزبکرێنەوە.

ئەڤین ئەحمەد، لە باسی پەیوەندییە مەجازییەکاندا ئاماژەی بەوەدا کە راستە بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ کەسانی نزیکدا لەوانەیە رێگەیەکی ئاسان بێت و بۆ هەندێک حاڵەتی دیاریکراو سوودیشی هەبێت، بەڵام ئەگەر بەوریاییەوە بەکارنەهێنرێت، لەوانەیە ببێتەهۆی نامۆبوونی دەروونی.