/

هەموو سەوزەکان سەوزەن؟ ئەمریکا دەیەوێت پەتاتە بکات بە دانەوێڵە

پەتاتە سەوزەیە یان دانەوێڵە؟


هەموو سەوزەکان سەوزەن؟ بە گوێرەی داواکارییەکی بەشی کشتوکاڵی حکومەتی ئەمریکا، وەڵامەکەی نەخێرە، چونکە رەنگە پەتاتە پۆلێنبکرێتەوە و لە سەوزەوە بکرێت بە دانەوێڵە.


سۆزان کۆلینس، سێناتۆری کۆماری و مایکل بێنێتی سێناتۆری دیموکراتیش داوایەکیان بەرزکردووەتەوە بۆ ئەوەی پلانەکە هەڵبوەشێتەوە و پەتاتە وەک سەوزە بمێنێتەوە، چونکە پێیانوایە ئەو بڕیارە زیان بە کشتوکاڵی وڵاتەکە دەگەیەنێت.

کۆلینس و بێنێت لە نامەکەیاندا دەڵێن: "لە سەرەتای دروستبوونی بەشی کشتوکاڵەوە لە ئەمریکا، پەتاتە وەک سەوزە پۆلێنکراوە"


بەگوێرەی پلانی پەیڕەوی خۆراکی بۆ هاوڵاتییانی ئەمریکی بۆ ساڵانی 2025-2030، پەتاتە لە سەوزەوە دەکرێت بە دانەوێڵە. هاوڵاتییانی ئەمریکیش، پەتاتە لە هەر سەوزەیەکی دیکە زیاتر دەخۆن، نیوەی ئەو بڕەش کە دەیخۆن، لە شێوەی پەتاتەی بەستوودایە، بۆنموونە پەتاتەی سوورکراوە.


لە توێژینەوەیەکی ساڵی 2019دا، چەند پسپۆڕێکی خۆراک ئەوەیان خستەڕوو کە تەنها یەک لەسەر دەی کەسانی پێگەیشتوو، سەوزەی پێویست دەخۆن، ئەگەر بەشێکی زۆری ئەو بڕەش پەتاتە بێت، بە لابردنی پەتاتە لە پۆلێنی سەوزەکاندا، ئەوەندەی دیکە رێژەکە دادەبەزێت.


توێژەرەکان دەڵێن، کێشەی ئەم پۆلێنکردنە لەوەدایە کە خواردنی پەتاتە ناتوانێت ئەو پێداویستییە خۆراکییانە پڕبکاتەوە کە مرۆڤ لە سەوزەوە وەریدەگرێت، چونکە پەتاتە کاربۆهیدراتی زۆرە و رەنگە ببێتەهۆی بەرزبوونەوەی رێژەی شەکری خوێن.


سێناتۆرەکانیش بۆچوونەکەیان پێچەوانەی ئەو توێژەرانەیە و بە پشتبەستن بە دەرەنجامەکانی توێژینەوەیەکی ساڵی 2013 کە دەریخستووە پەتاتە پێویستە وەک سەوزە هەژماربکرێت، چونکە بەها خۆراکییەکانی بەرزە، دەڵێن: "هیچ گفتوگۆیەک سەبارەت بە تایبەتمەندییەکانی پەتاتە و پۆلێنکردنە زانستییە کولتوورییەکەی بوونی نییە. بە پێچەوانەی دانەوێڵەکانەوە، پەتاتەی سپی سەرچاوەیەکی بەهێزی پۆتاسیۆم، کالسیۆم، ڤیتامین سی و ڤیتامین بی6ن."


سیناتۆرەکان دەشڵێن، گۆڕانکاری لە پۆلێنکردنی پەتاتەدا، سەر لە کڕیاران، فرۆشیاران، چێشتخانە و جوتیارەکانیش دەشێوێنێت