باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا پێشوازی لە رێککەوتنی هەولێر و بەغداد دەکات

لۆگۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق.

باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق بڵاویکردەوە، پێشوازیی لە رێککەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغداد دەکەین بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.

تۆماس سێیلەر، باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق پەیامێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، رێککەوتنەکە دەبێتەهۆی سەقامگیری لە هەرێمی کوردستان و عێراق.

راشیگەیاندووە، بەردەوامدەبن لە بانگهێشتکردن و هاوکاریکردنی لایەنەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەری دوولایەنەی کێشەکان.

ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ چوارشەممە، 3ـی نیسانی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند، "دوای هەوڵ و کۆششێکی زۆر، بە هاوکاریی هەردوو تیمی سەرۆکوەزیرانی حکومەتی فیدراڵ و تیمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، توانرا چارەیەکی گونجاو بۆ کێشەی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم دابنرێت".

ئەمڕۆش پێنجشەممە، وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، دەستیانکردووە بە ناردنی پارەی مووچەی مانگی ئازاری تەواوی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، بە فەرمانبەرانی شارستانی و سەربازیی و خانەنشینانەوە.

لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی عێراقدا هاتووە "لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیرانی عێراق و بە رەزامەندیی وەزیری دارایی عێراق و بنەما لەسەر بڕیاری دادگای فیدراڵی، فەرمانگەی ژمێرکاریی، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و شایستە داراییەکانی کەمئەندامان، تۆڕی چاودێریی کۆمەڵایەتی، مووچەی خانەنشینانی شارستانى، سەربازیی و شایستە داراییەکانی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و گرێبەستەکان و شایستەکانی فەرمانگەکانی هەرێمی کوردستان، لەچوارچێوەی شایستە داراییەکانی مانگی ئازاری 2024 خەرجکراوە".

دوای راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی، مەولود سابیر، بەڕێوەبەری گشتیی بانکە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان بە کەناڵ8ـی راگەیاند، دوای ناردنی 130 ملیار دینار لە بەغدادەوە، رۆشتوون بۆ وەرگرتنی پارەکە، "بەڵام کێشەیەکی تەکنیکی هەیە و هەرکاتێک چارەسەرکرا، پارەکە وەردەگرین".

گوتیشی، "هەفتەی داهاتوو، بەغداد بەشی دووەم و تەواوی پارەی مووچەخۆران دەنێرێت و پارەکە دەخرێتەسەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی."