دەکرێت لەڕێگەی رۆژووگرتنەوە توانای خۆکۆنترۆڵکردن بەهێزبکرێت؟

لەوانەیە رۆژووگرتن توانای بڕیاردان زیادبکات

یەکێک لە گرنگترین ئەو توانایانەی بۆ مرۆڤ پێویستە بۆئەوەی لە بوارە جیاوازەکانی ژیانیدا سەرکەوتوو بێت، توانای خۆکۆنترۆڵکردن و زاڵبوونە بەسەر حەز و ئارەزووەکانیدا؛ لێرەدا مەبەستمان لەوە نییە کەسێک بۆئەوەی سەرکەوتوو بێت پێویستدەکات خۆی لە حەز و ئارەزووەکانی بگرێتەوە، بەڵکو گرنگە بتوانێت کۆنترۆڵیان بکات.

لە ساڵی 2011، لە راپرسییەکدا کە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کراوە، %27ی ئەمریکییەکان پێیان وابووە نەبوونی توانای خۆکۆنترۆڵکردن هۆکارێکی سەرەکییە بۆ ئەوەی کە ناتوانن گۆڕانکاری لە ژیانیاندا دروستبکەن.

 هەرچەند مشتومڕێکی زۆر هەیە لەسەر ئەوەی کە ئایا مرۆڤ هەر لە بنەڕەتەوە توانای خۆکۆنترۆڵکردن و بڕیاردانێکی سەربەخۆی هەیە؛ بەشێکی زۆری پسپۆڕانیش پێیان وایە مرۆڤ وەکو رۆبۆتێک ئێشدەکات و خۆی خاوەنی بڕیارەکانی خۆی نییە، بەڵام بەشێکی دیکە بۆچوونیان وایە توانای بڕیاردان و خۆکۆنترۆڵکردن بەشێکە لە مرۆڤ و دەشکرێت بەهێزبکرێت، یەکێکیش لەم رێگەیانەی پێشنیازیدەکەن بۆ بەهێزکردنی ئەم توانایە، رۆژووگرتنە.

مەبەستمان لە رۆژووگرتن چییە؟

رۆژووگرتن جۆری زۆرە؛ لە زۆرینەی ئایینەکاندا جۆرێکی دیاریکراو لە رۆژوو هەیە، کە پەیڕەوکاری ئایینەکە ناچاردەکات بۆ ماوەیەکی دیاریکراو خۆی لە چەند خواردنێک، یان هەموو خواردنەکان بگرێتەوە؛ کۆمەڵێک جۆری دیکەی رۆژوومان هەن کە بە رۆژووی پچڕپچڕ یان رۆژووی زانستی ناسراون. کاتێک باسی کاریگەرییە دەروونییەکانی رۆژووگرتن، بەتایبەت کاریگەرییەکەی لەسەر توانای خۆکۆنترۆڵکردن دەکەین، جیاوازییەکی ئەوتۆ نییە لەنێوان جۆرە جیاوازەکانی رۆژوودا.

سوودە دەروونییەکانی رۆژووگرتن چین؟

  • کاری مێشک: لە کاتی بەڕۆژووبووندا، جەستە خۆی لە کۆمەڵێک ماددەی ژەهراوی پاکدەکاتەوە کە لە کاتی ئاساییدا لەوانەیە کاربکەنە سەر توانای مێشک؛ کەمبوونەوەی ئەم ماددانە دوای چەند رۆژێک لە رۆژووگرتن، وادەکات کە توانای بیرکردنەوە و توانا هزرییەکانی دیکە باشترببن. جگەلەمەش، لە کاتی رۆژووگرتندا خوێنێکی زیاتر دەڕوات بۆ مێشک.
  • زیادبوونی توانای  بڕیاردان: لە مێشکدا بەشێکی بچووک هەیە کە پێی دەگووترێت AMCC، گومان دەکرێت ئەم بەشە بەرپرس بێت لە توانای بڕیاردانی مرۆڤ؛ چونکە لە توێژینەوەکاندا دەرکەوتووە ئەوانەی چالاکییەک دەکەن کە پێویستی بە خۆکۆنترۆڵکردنە، ئەم بەشە لە مێشکیاندا چالاکدەبێت و دوای ماوەیەکیش قەبارەکەی گەورەدەبێت. هەروەها ئەو کەسانەی ئەم بەشەی مێشکیان گەورەترە، زیاتر توانای خۆکۆنترۆڵکردنیان هەیە.
    لە چەند توێژینەوەیەکدا دەرکەوتووە کە رۆژووگرتن یەکێکە لەو چالاکییانەی وادەکات بەشی AMCC گەورەترببێت لە مێشكدا و بەمەش  توانای خۆکۆنترۆڵکردنی مرۆڤ زیاترببێت.

جگەلەم کاریگەرییانە، توێژینەوەکان دەریانخستووە کە رۆژووگرتن کاریگەریی بەرچاوی هەیە لەسەر تەندروستیی ئەندامەکانی جەستە، بەتایبەت ئەندامەکانی وەکو دڵ و گورچیلە؛ هەروەها کاردەکاتە سەر توانای خۆنوێکردنەوەی جەستە و لەوانەیە ئەو کەسانەی رۆژوودەگرن، درەنگتر پیرببن. بەڵام هێشتا توێژینەوەی زیاتر پێویستە کە بەتەواوی سوود و زیانەکانی رۆژووگرتن روونبکاتەوە و دەریبخات کێ دەتوانێت بەڕۆژووببێت و کێش نابێت بەڕۆژووببێت؟