پسپۆڕێک: پێستی بەشێک لە گەنجانی بیست ساڵەی ئێستا بەهۆی کەمخەوییەوە وەکو هی کەسێکی تەمەن چل ساڵانی جارانە!

د. هێمن زەمان، پزیشکی پسپۆڕی پێست و جوانکاری..فۆتۆ: دانا عەبدولکەریم

کەناڵ8- سلێمانی

پزیشکێکی پسپۆڕ دەڵێت کەمخەویی گەنجانی ئەم سەردەمە وایکردووە، پێستیان هێندەی کەسێکی تەمەن چل ساڵانی جاران ماندوو دیاربێت.

د. هێمن زەمان، پزیشکی پسپۆڕی پێست و جوانکاری، لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵ8 دەڵێت "جاران خەڵک تەنیا لە رەمەزان هەندێک خەویان تێکدەچوو، بەڵام گەنجانی ئەم سەردەمە لە کاتە ئاساییەکانیش هەم درەنگدەخەون و هەم کەمدەخەون، ئەمەش پێستیان زۆر ماندوو دەکات".

د. هێمن دەڵێت کە بەشێک لە گەنجانی تەمەن بیست ساڵان کە سەردانی دەکەن، چواردەوری چاو و پێستان بە گشتی هێندە ماندووە، هەندێکجار دەڵێی کەسێکی تەمەن چل ساڵانی جارانن. وەک ئەو باسیدەکات بۆ ئەوەی ئەمە روونەدات، گرنگە خەڵک بە گشتی و گەنجان بەتایبەتی هەم بەر لە کاتژمێر 12ی شەو بخەون و هەم خەوی شەوانەیان لە حەوت کاتژمێر کەمتر نەبێت.

پزیشکە پسپۆڕەکەی پێست، تایبەت بە رەمەزان رێنمایی هاونیشتمانییان دەکات دووربکەونەوە لە زۆر خواردنی شیرینی دەستکرد و خواردمەنییە پڕ کالۆرییە کەمبەها خۆراکییەکان و لەبری ئەوە رووبکەنە خۆراکە سروشتییە فرەڕەنگە پڕبەها خۆراکییەکان "شەربەتی فرێش، چای سەوز، سەوزە و میوە و خواردەمەنییە دەریاییەکان زۆرتر بخۆن" ئەوە گوتەی د. هێمن زەمانە لە رێگەی کەناڵ8ەوە بۆ هاونیشتمانییان.

پسپۆرەکەی پێست رێنمایی ئەوانە دەکات کە گرنگی بە پێستیان دەدەن، ئاگایان لە سێ رەگەزی هەرە گرنگی خۆراکی بێت بۆ پێستیان "ئەو خۆراکانە زۆرتر بخۆن کە دەوڵەمەندن بە ئۆمێگا3، ڤیتامین ئەی و ڤیتامین سی".

پزیشکە پسپۆرەکە دەڵێت ئەگەر خواردەمەنییەکانتان سروشتی، فرەڕەنگ و پڕبەهای خۆراکی بن، ئەوە پێویستناکات تەواوکەرە خۆراکییەکان بەشێوەی حەب و گیراوەی دەستکرد وەربگرن.