پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری باس لە کاریگەرییەکانی ئارایش دەکات لەسەر تەندروستیی پێست

د.رۆشان دارا تۆفیق پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری

د. رۆشان دارا تۆفیق پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری، باسی لە مێژووی ئارایش کرد و گووتی مرۆڤ زۆر لە مێژە هەوڵی داوە بە بەکارهێنانی چەند بەرهەمێک جوانتر دەربکەون و بۆ ئەو مەبەستەش هەندێجار رەنگیان لە گووڵەوە وەرگرتووە، سوودیان لە ئارد بینیوە وەکو سپیاو و تەنانەت پێستی ئاژەڵیشیان بەکارهێناوە و ئەم گرنگیپێدانە تاوەکو ئەم سەردەمەش بەردەوامە.
گووتیشی گرنگە بەکارهێنانی ئارایش سنووری بۆ دابنرێت و پێستی بەکارهێنەر ماندوو نەکات، واتا ئەگەر پێستی کەسەکە هیلاکتر دەربکەوێت و کونیلەکانی گەورەببن، پێستی هەستیارببێت، سوورببێتەوە و تەنانەت زیپکەشی بۆ دروستببێت، نیشانەی ماندووبوونی پێستەکەن و مانای وایە کەسەکە زیاد لە پێویست ئارایشی بەکارهێناوە.

د.رۆشان گووتیشی گرنگە پێش بەکارهێنانی ئارایش خانمان رووخساریان بشۆن، پاشان بەگوێرەی جۆری پێستیان شێدارکەرەوە بەکاربهێنن، دواتر گرنگترین هەنگاو بەکارهێنانی دژەخۆرە بۆ پاراستنی پێستەکە، تەنانەت ئەو دژەخۆرانەشی کە خۆیان ئەساسیان تێدایە باشترن بۆ ئەوەی پێویست نەکات دواتر بەرهەمی دیکە بەکاربهێنن. پسپۆڕەکە باسیشی لەوە کرد کە هەندێک هەنگاو زیادەن وەکو بەکارهێنانی پرایمەر پێش ئارایش " راستە پرایمەر وادەکات ئارایشەکە جوانتر دەربکەوێت، بەڵام بەکارهێنانی پرایمەر هەموو رۆژێک، زیان بە پێست دەگەیەنێت و کونیلەکانی پێست دادەخات، هەربۆیە باشترە تەنیا لە بۆنەکاندا پرایمەر بەکاربهێنن"

پسپۆڕەکە باسی لەوەش کرد کە پێستی دەوروبەری چاوەکان و دەم زۆر هەستیارترن بەراورد بە شوێنەکانی دیکەی رووخسار، هەربۆیە گرنگە ئەو بەرهەمانەی بۆ ئەو ناوچانە بەکاردەهێنرێن بەرهەمی ساددە بن، واتا بۆنی تیژیان تێدانەبێت، بەهێز نەبن، پێستەکە وشک نەکەنەوە و ماددەی کیمیایی زۆریان تێدا نەبێت.
سەبارەت بە هەستەوەریش باسی لەوەکرد کە گرنگە پێش ئەوەی خانمان بەرهەمێک بۆ رووخساریان بەکاربهێنن، بەرهەمەکە لەسەر پێستی دەستیان تاقیبکەنەوە و ئەگەر بۆ ماوەی 24 کاتژمێر هیچ سووربوونەوە و خورانێک لە شوێنەکەی دروستنەبووبوو، ئەوا خانمەکە دەتوانێت بەرهەمەکە بۆ رووخساریشی بەکاربهێنێت و مانای وایە هەستەوەریی بۆ ئەو بەرهەمە نییە.

سەبارەت بە کوالێتی بەرهەمەکان پسپۆڕەکە گووتی "نرخ رۆڵی سەرەکی هەیە لە دیاریکردنی کوالێتی بەرهەمەکان بەڵام دەشکرێت ئەم بەرهەمانە نرخێکی مامناوەندیان هەبێت و لە رووی کوالێتیشەوە زۆر باشبن بەڵام، ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکە بڕواپێکراوبێت"

د.رۆشان گووتیشی گرنگە خانمان هەفتانە یەک بۆ دوو جار فڵچە و ئیسفنجەکانیان بشۆن بۆئەوەی بەکتریا لەسەریان گەشە نەکات و زیان بە پێستی خانمەکە نەگەیەنێت. " بەکارهێنانی فڵچە و ئیسفنجی کەسانی تر وادەکات نەخۆشی و گرفتەکانی پێست لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە بگوازرێنەوە"

پسپۆڕەکە ئاماژەشی بەوەدا کە نابێت منداڵان ئارایش بەکاربهێنن و ئەگەریش بەکاریان هێنا لە دوای تەمەنی 14 ساڵیەوە دەتوانن تەنیا چەند بەرهەمێکی ساددە بەکاربهێنن، هۆکاری ئەم جیاوازییەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە پێستی منداڵان ئاسانتر و خێراتر بەرهەمەکان هەڵدەمژن و زیاتر زیانەکانی بەکارهێنانی ئارایشیان تێدا دەردەکەوێت، ئەم کاریگەرییانەش لەسەر پێستیان درێژخایەندەبن.