گرنگیی نایاسینەماید چییە؟

نایاسینەماید جۆرێکی ڤیتامین B3 یە، ئەگەر راستەوخۆ بدرێت لە پێست، چەند سوودێکی دەبێت بەتایبەتی لە چارەسەکردنی زیپکە و بیرۆدا.

سوودەکانی نایاسینەماید چیین؟

بەگشتی نایاسینەماید یارمەتیی دروستبوونی پڕۆتین دەدات و پێست بە شێداری دەهێڵێتەوە، بەمەش پێست لە زیانە ژینگەییەکان دەپارێزێت.

  1. بەرگری: نایاسینەماید یارمەتیی دروستبوونی پڕۆتینی کیراتین دەدات، ئەم پڕۆتینە پێست بەتوندی و تەندروستی دەهێڵێتەوە
  2. بەربەستێکی چەورییە: نایاسینەماید یارمەتیی پێست دەدات بەربەستێکی چەوری دروستبکات، ئەمەش پێستەکە بەشێداری دەهێڵێتەوە. ئەم تایبەتمەندییە، سوودبەخشە بۆ هەموو جۆرەکانی پێست، بەتایبەتی بۆ ئەو کەسانەی بیرۆیان هەیە
  3. کەمکردنەوەی سووربوونەوەی پێست: نایاسینەماید هەوکردن کەمدەکاتەوە، ئەمەش سووربوونەوەی بیرۆ و شوێن زیپکە و جۆرە جیاوازەکانی هەوکردن کەمدەکاتەوە
  4. کەمکردنەوەی قەبارەی کونیلەی پێست: نایاسینەماید پێست بە شێداری دە‌هێڵێتەوە، ئەمەش بەگشتی قەبارەی کونیلەکان بچوکدەکاتەوە و کەمتر دەردەکەون
  5. چەوریی پێست رێكدەخاتەوە: نایاسینەماید بڕی بەرهەمهێنانی چەوری لەلایەن چەورییەرژێنەکانەوە رێکدەخات
  6. پێست لە زیانەکانی خۆر دەپارێزێت: نایاسینەماید یارمەتیی دروستبوونەوەی خانەی پێستی تەندروست دەدات و خانەکانیش لە تیشکی زیانبەخشی خۆر دەپارێزێت
  7.   پەڵەی تۆخ کاڵدەکاتەوە: بەگوێرەی چەند توێژینەوەیەک، ئەو بەرهەمانەی %5 نایاسینەمایدیان تێدایە، پەڵەی تۆخ کاڵدەکەنەوە. لە توێژینەوەکاندا دوای چوار هەفتە لە بەکارهێنان، ئەم سوودەی ڤیتامینەکە دەرکەوتووە. ئەم تایبەتمەندییەش دەکرێت بەهۆی بەرهەمهاتنی زۆری کۆلاجینەوەبێت.
  8. پێست لە چرچبوون دەپارێزێت: نایاسینەمایدی %5، یارمەتیی کەمکردنەوەی ئەو نیشانانە دەدات کە بەهۆی زیانەکانی تیشکی خۆرەوە لەسەر پێست دروستبوون
  9. پێست لە گوشارەئۆکسێنەکان دەپارێزێت: نایاسینەماید تایبەتمەندیی دژەئۆکسینی هەیە، بەمەش ناهێڵێت پێست لەلایەن ئەو ماددە زیانبەخشانەی لە ژینگەدا هەن زیانیپێبگات وەکو تیشکی خۆر، تەنە ژەهراوییەکان و پیسی.
  10. زیپکە چارەسەردەکات: نایاسینەماید دەتوانێت زیپکە کەمبکاتەوە بەتایبەت ئەو جۆرە زیپکانەی کە بەهۆی هەوکردنەوە دروستبوون

ڤیتامین B3 لە چ جۆرە خواردنێکدا هەیە؟

راستە پێویستە نایاسینەماید راستەوخۆ بدرێت لە پێست بۆ دەستکەوتنی کاریگەرییە باشەکانی پێکهاتەکە، بەڵام دەکرێت ئەم ڤیتامینە لە رێگەی خواردنیشەوە وەربگیرێت, وەکو؛

  • هێلکە
  • سەوزە
  • پاقلەمەنییەکان
  • ماسی
  • شیر

بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە دەکرێت بۆ سوودگەیاندن بە تەندروستیی پێست، تەنیا لە رێگەی خواردنەوە بڕی پێویست لەم ڤیتامینە وەربگیرێت، بۆیە گرنگە راستەوخۆ ئەم پێکهاتەیە بەرکەوتنی لەگەڵ پێستدا هەبێت.

چ جۆریکی نایاسینەماید باشترینە؟

چڕیی نایاسینەماید لە بەرهەمێکەوە بۆ بەرهەمێکی دیکە دەگۆڕێت، بەڵام بەگشتی، %5 یان کەمتریان تێدایە.

لە هەندێک توێژینەوەدا دەرکەوتووە کە ئەو بەرهەمانەی چڕی نایاسینەمایدەکەیان %5ە، کاریگەرن لە چارەسەرکردنی پەڵەی تۆخی پێست و ئەو زیانانەی بەهۆی تیشکی زیانبەخشی خۆرەوە بە پێست گەیشتوون.

ئەگەر کەسەکە پێستێکی هەستیاری هەبێت، ئەوا پێویستە لە چڕییەکی کەمترەوە دەست بە بەکارهێنانی بکات. نایاسینەمایدی %2، نیشانەکانی بیرۆ کەمدەکاتەوە.

ئایا هیچ پێکهاتەیەکی دیکە هەیە بتوانرێت لەگەڵ نایاسینەماید بەکاربێت و سوودەکانی زیاتربکات؟

هەندێجار بۆ دەستکەوتنی سوودەکانی نایاسینەماید، باشترە لەگەڵ چەند پێکهاتەیەکی چالاکی دیکەدا بەکاربهێنرێت وەکو:

  • ترشی هایالیورۆنیک لەگەڵ سیرەمی نایاسینەماید، وادەکات نایاسینەمایدەکە باشتر لە پێستدا هەڵبمژرێت.
  • .تەواوکەرە خۆراکییەکانی نایاسینەماید، باشترە لەگەڵ زینک، کۆپەر و فۆلیک ئەسیددا بەکاربهێنرێن بۆ چارەسەرکردنی زیپکە.

ئایا نایاسینەماید هیچ لێکەوتەیەکی هەیە؟

بە گشتیی نایاسینەماید بە پێکهاتەیەکی سەلامەت دادەنرێت، بەڵام ئەو کەسانەی خۆیان پێشتر هەستەوەریی پێستیان هەبوو، لەوانەیە لەکاتی بەکارهێنانی نایاسینەمایددا، نیشانەکانی هەستەوەرییەکەیان بۆ بێتەوە، چونکە نایاسینەماید وادەکات جەستە هیستامین دەربدات.

بۆئەوەی کەسێک بزانێت کە هەستیارە بە نایاسینەماید یان نا، گرنگە ئەم تاقیکردنەوە سادەیە لەسەر پێستیان ئەنجامبدەن پێشئەوەی بەرهەمەکە بۆ پێستی رووخسارییان بەکاربهێنن:

  • سەرەتا پێویستە کەسەکە بڕێکی زۆر کەم لە بەرهەمەکە لە بەشێکی قۆڵی یان دەستی بدات
  • پێویستە بۆ ماوەی 24 کاتژمێر چاوەڕێبکرێت
  • ئەگەر شوێنی بەکارهێنانی بەرهەمەکە تووشی سووربوونەوە، ئاوسان و خوران بوو، پێویستە بەخێرایی بیشوات و جارێکی دیکە بەکارینەهێنێتەوە
  • ئەگەر کەسەکە هیچ نیشانەیەکی بۆ دروستنەبوو، بەرهەمەکە سەلامەتە و ئاساییە بۆ رووخساریشی بەکاریبهێنێت