پسپۆڕێک: هەندێجار هەستەوەریی وەرزی بە پێستەوە ناوەستێت و مەترسی لەسەر ژیانی کەسەکە دروستدەکات

د. شێرکۆ ئەحمەد وەیس، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری لە ستۆدیۆی ماڵی8

کەناڵ8- سلێمانی

پسپۆڕێکی پێست دەڵێت لە وەرزی بەهاراندا هەستەوەری زیاتر دەبێت و هەندێجار تەنیا بە پێستەوە ناوەستێت، بەڵکو سەردەکێشیت بۆ سیستمەکانی دیکەی جەستە و دوورنییە مەترسی لەسەر ژیانی کەسەکە دروستبکات.

د. شێرکۆ ئەحمەد وەیس، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکنی پێست و جوانکاری، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵ8 دەڵێت"هەستەوەری واتە کاردانەوەیەکی نائاسایی جەستە بۆ تەنۆلکەیەکی بێگانە، لەکاتێکدا تەنەکە مەترسیدار نییە، کەچی کۆئەندامی بەرگری کاردانەوەیەکی نائاسایی دەنوێنێت، هەر لە سووربوونەوە و هەڵاوسانی پیست، تاوەکو دەگاتە هەڵاوسانی بۆرییەکانی هەوا، هەناسەتوندی، دابەزینی فشاری خوێن و لەهۆشچوون".

وەکو پزیشکە پسپۆڕەکە باسیدەکات "بەشێک لەم تەنۆلکانە راستەوخۆ بەر پێست دەکەون، بەشێکی دیکەیان لە هەوادا هەن و هەڵیان دەمژین، بەشێکی دیکە بەهۆی پێوەدانی مێش و مەگەز و مێرووەکانەوە دێنە جەستەمان".

د. شێرکۆ دەڵێت ئەوانەی هەستەوەریی وەرزییان هەیە، دەبێت بەر لە چوون دەرەوە بۆ گەشت و سەیرانی بەهارە، خەمی حاڵەتەکەیان بخۆن "جلی ئەوتۆ بپۆشن کە زۆربەی پێستیان دابپۆشێت، راستەوخۆ لەسەر گژوگیاکان دانەنیشن بەڵکو راخەر رابخەن و لەسەری دابنیشن، کرێمی شێدارکەرەوە و دژەخۆر بەکاربهێنن تاوەکو رێگە لە بەرکەوتنی راستەوخۆی تەنۆلکەکان بە پێست بگرێت، لەژێر رێنمایی پزیشکدا دەرمانی دژەهستامین و دەرمانی دیکەی رێگری لە هەستەوەری بەکاربهێنن".

وەکو پزیشکە پسپۆڕەکە دەڵێت چارەسەرەکانی هەستەوەری دەکرێ بەشێوەی کرێم، سپرای، دڵۆپە، حەب و تەنانەت دەرزی بن. "هەندێجار حاڵەتە هێندە توند دەبێت ناچاردەبین لە نەخۆشخانە بیانخەوێنین".