هەموو ئەوەی پێویستە سەبارەت بە هەستەوەری بە خۆراک بیزانیت

ئەو کەسانەی تووشی هەستەوەری بە خۆراک یان بە گشتی تووشی هەستەوەری دەبن، حاڵەتەکەیان پێسەیرە چونکە پێیانوایە ناکرێت خەڵکی دیکە کە خۆراکێکی دیاریکراو دەخۆن کێشەیان بۆ دروستنەبێت بەڵام ئەمان بۆیان دروستبێت.

هەربۆیە زۆر پرسیار لەسەر هەستەوەری هەن کە پێویستە چارەخوازان وەڵامەکانیان دەستبکەوێت بە تایبەتیش هەستەوەری بە خۆراک.

جیاوازی نێوان هەستەوەری بە خۆراک لەگەڵ پێنەکەوتنی خۆراک چییە؟

هەستەوەری بە خۆراک:  بە گشتی هەستەوەری نائاشنایی سیستمی بەرگرییە بە تەنێک. کاتێک پڕۆتینێکی بێزیانی ناو خۆراک دەچێتە جەستەی کۆمەڵێک کەسەوە، سیستمی بەرگرییان بۆ پڕۆتینەکە وەڵامدانەوەی دەبێت و کەسەکە چەند نیشانەیەکی هەستەوەری بۆ دروستدەبێت.

بەڵام کاتێک کەسێک خۆراکێکی پێناکەوێت، سیستمی بەرگریی کەسەکە بە هیچ جۆرێک چالاک نابێت، بەڵکو هەندێجار لەوانەیە هۆکارەکەی کەمیی ئەنزیمێکی دیاریکراوبێت، بۆ نمونە هەندێک کەس ئەنزیمی لاکتەیزیان نییە یان زۆر کەمە (ئەنزیمی لاکتەیز بەرپرسیارە لە هەرسکردنی لاکتۆز کە شەکرێکی ناو شیرە) واتە بەهۆی نەبوونی ئەم ئەنزیمەوە جەستەی ئەم کەسانە ناتوانێت هەر خۆراکێک لاکتۆزی تێدایە هەرسی بکات، هەربۆیە کەسەکە کە شیر دەخواتەوە چەند نیشانەیەکی بۆ دروستدەبێت. هەندێجار لەوانەیە هۆکاری پێنەکەوتنی خۆراکەکە نەزانراو بێت. بە گشتیی نیشانەکانی پێنەکەوتنی خۆراک سادەترن بەراورد بە نیشانەکانی هەستەوەری.  

هەستەوەری چییە؟

هەستەوەری وەڵامدانەوەی سیستمی بەرگریی جەستەیە بۆ چەند ماددەیەکی بێزیان وەکو خۆراک، هەڵاڵە و تەپوتۆز.

کاتێک کەسێک بۆ یەکەمجار، بەرکەوتنی دەبێت لەگەڵ ماددەیەکدا، جەستەی چەندین دژەتەن دروستدەکات و دژەتەنەکان لەسەر جۆرێکی دیاریکراوی خانە بەرگرییەکان دەمێننەوە، کاتێک کەسەکە بۆ دووەم جار بەرکەوتنی لەگەڵ ماددەکەدا دەبێت، دژەتەنەکان چالاکدەبن و چەندین ماددەی کیمیایی وەکو هیستامینەکان دەردەدەن، ئەم ماددانەش بەرپرسن لە دروستبوونی نیشانەکانی هەستەوەری. بە گشتیی هەندێک ماددە بێزیانن بەڵام بەهۆکاری نەزانراو، جەستەی کەسەکە وەڵامدانەوەی بۆ دەبێت.

نیشانەکانی هەستەوەری بە خۆراک چیین؟

بە گشتی نیشانەکانی هەستەوەری دەکرێت زۆر سادە و بێزیانبن، بەڵام هەندێک جار دەشکرێت هێندە توندبن مەترسیی لەسەر ژیانی کەسەکە دروستبکەن.

باوترین نیشانەکان ئەمانەن:

  • ئاوکردن و خورانی لووت
  • وشکبوونی دەم
  • پژمە
  • خورانی چاو
  • پەڵەی پێست
  • توندبوونی هەناسە
  • ناڕەحەتی سک
  • دڵتێکەڵهاتن
  • رشانەوە
  • سکچوون
  • ئاوسانی لێو، چاو و رووخسار

هەندێک جار لەوانەیە کەسەکە بەهۆی هەستەوەرییەکەوە هەندێک نیشانەی مەترسیداری بۆ دروستببێت و پێویستبکات بە زووترین کات رەوانەی نەخۆشخانە بکرێت لەوانەش:

  • داخرانی قوڕگی کەسەکە
  • ئاستەنگ لە هەناسەداندا
  • دابەزینی فشاری خوێن
  • ئازاری سک
  • ڕشانەوە
  • لەهۆشخۆچوون

کام خۆراکانە زیاتر دەبنەهۆی هەستەوەری؟

هەرچەندە زۆرن ئەو خۆراکانەی دەکرێت ببنەهۆی هەستەوەری، بەڵام بە گشتی ئەم خۆراکانە بە باوترین هۆکاری هەستەوەری بە خۆراک دادەنرێن وەکو:

  • کەرەوز
  • پڕۆتینی گەنم
  • ماسی
  • هێلکە
  • شیر
  • مەستارد
  • بادەم
  • کونجی
  • سۆیا
  • گوێز

ئایا دەکرێت لە تەمەنێکی دیاریکراودا کەسێک کە پێشتر هەستوەری بە خۆراکێک هەبووە، چیدی هەستەوەرییەکەی بۆ خواردنەکە نەمێنێت؟

وەڵامی ئەم پرسیارەیان دەکەوێتەسەر ئەوەی کە کەسەکە بە چ خۆراکێک هەستەوەری هەیە، بۆ نمونە ئەو کەسانەی کە هەستەوەرییان بە بادەم و ماسی هەیە، ئەگەریان زیاترە کە بە درێژایی ژیانیان هەستەوەرییان بە ماسی و بادەم هەبێت، بەڵام ئەو کەسانەی کە بە هێلکە و شیر هەستەوەرییان هەیە، لەوانەیە لە تەمەنێکی دیاریکراویاندا بەتەواوی هەستەوەرییەکەیان بۆ ئەو دوو خۆراکە نەمێنێت.

ئایا مەرجە توندیی نیشانەکانی هەستەوەرییەکە هەموو کاتێک وەکو یەکبێت؟

نەخێر، بۆ نموونە ئەگەر کەسێک هەستەوەری بە ماسی هەبێت ئەوا دەکرێت جارێک کە بەرکەوتنی دەبێت لەگەڵی نیشانەکانی سادەبن بەڵام، جارێکی دیکە دەکرێت نیشانەکان هێندە توند دەرکەون کە مەترسی لەسەر تەندروستیی کەسەکە دروستبکەن.

پاش خواردن چەند کاتی پێویستە بۆئەوەی نیشانەکانی هەستەوەری دەربکەون؟

بە گشتی نیشانەکان چەند خولەکێک بۆ دوو کاتژمێر پاش خواردن دەستپێدەکەن. هەندێجار دوای ئەوەی نیشانە سەرەتاییەکان نامێنن، چەند نیشانەیەکی دیکە پاش 1-4 کاتژمێر دروستدەبن، هەربۆیە هەندێک جار بەشێک لە چارەخوازەکان کە مەترسیی تووشبوونیان بە کۆمەڵەی دووەمی نیشانەکان هەیە، پێویستە لە نەخۆشخانە بمێننەوە بۆ چاودێریکردنی بەردەوام.

ئایا هیچ چارەسەرێک بەردەستە بۆ هەستەوەری بە خۆراک؟

تاوەکو ئێستا هیچ چارەسەرێکی یەکجاری بۆ ئەم گرفتە نییە و پسپۆڕان دەڵێن باشترین رێگە بۆ خۆپارێزی دوورکەوتنەوەیە لەو خۆراکانەی کەسەکە هەستەوەری هەیە بۆی.

ئەو هۆکارانە چین کە وادەکەن نیشانەکانی هەستەوەری بە توندیی جیاواز دەربکەون؟

 هەندێک جار لەوانەیە کەسێک بە خۆراکێکی دیاریکراو هەستەوەری هەبێت بەڵام، هەر جارێک خواردنەکە دەخوات لەوانەیە بە توندیی جیاواز نیشانەکانی تێدا دەربکەون.

هەندێک هۆکار ئەم جیاوازییە دروستدەکەن وەکو:

  • بڕی خۆراکەکە
  • شێوازی خۆراکەکە: بۆ نمونە ئەگەر خۆراکێک شل بێت، جەستە خێراتر و ئاسانتر هەڵیدەمژێت. هەندێجاریش ئەگەر خۆراکەکە باش کوڵابێت ئەوا توندیی نیشانەکان کەمتردەبێت
  • ئایا خۆراکەکە بە تەنیا خوراوە یان لەگەڵ خۆراکی دیکەدا خوراوە
  • خواردنەوەی کحول
  • وەرزشکردن لە نزیک کاتی خواردنی خۆراکەکە
  • سووڕی مانگانە
  • کەسەکە خۆی نەخۆشبێت

ئایا کوڵاندنی تەواوی خۆراکەکە وادەکات کەسەکە تووشی نیشانەکانی هەستەوەری نەبێت؟

لە هەندێک کەسدا کە هەستەوەرییان بە هێلکە و شیر هەیە، دەکرێت لە رێگەی کوڵاندنیانەوە یان ئامادەکردنی تەواویانەوە کەسەکە تووشیی نیشانەکانی هەستەوەرییەکە نەبێت بەڵام، گرنگە بۆ ئەم مەبەستە راوێژ بە پزیشکی پسپۆڕ بکرێت.