ڤیتامین سی یەکێکە لەو پێکهاتە گرنگانەی کە یارمەتیی پێست دەدات بە روونی و جوانی بمێنێتەوە و وادەکات نیشانەکانی پیری درەنگتر دەربکەون.
راستە لە خواردن و خواردنەوەشەوە دەکرێت ڤیتامین سی بچێتە جەستەوە و وەربگیرێت، بەڵام هیچ گەرەنتییەک نییە کە ئەو ڤیتامین سییەی لە خواردنەوە وەردەگیرێت بەشێوەیەکی پێویست بچێت بۆ پێست، هەربۆیە گرنگە بە بەکارهێنانی سیرەمی ڤیتامین سی، راستەوخۆ ڤیتامینەکە بدرێت لە پێست.
سوودەکان:
- ڤیتامین سی بێزیانە: بێجگە لە سوودەکانی، ئەگەر ڤیتامین سی بە بڕێکی تەندروست لە ناو بەرهەمەکەدا هەبێت واتە لە %20 زیاترنەبێت، پێکهاتەیەکی بێزیانە و هیچ مەترسییەکی ئەوتۆ لەسەر پێست دانانێت، بەڵام ئەگەر لەو بڕە زیاترببێت، زیان بە پێست دەگەیەنێت.
- شێدارکەرەوەیە: ڤیتامین سی پێست شێداردەکاتەوە و رێگری لە لەدەستدانی ئاو دەکات، ئەمەش پێست دەپارێزیت.
- پێست گەشدەکات: ڤیتامین سی یارمەتیی کاڵکردنەوەی پەڵەی تۆخی پێست دەدات و پێست روون و بریقەداردەکات، واتە کەسەکە پێستی بە گەنجی و گەشی دەمێنێتەوە.
- رەنگی پێست هاوسەنگ دەکات: ئەم ڤیتامینە تایبەتمەندیی دژەهەوکردنی هەیە کە وا دەکات پێست لە ماددە زیانبەخشەکان پارێزراو بێت، هەروەها رێگریدەکات لە سووربوونەوەی پێست و رەنگی پێست هاوسەنگ دەکات.
- رێگریدەکات لە بەرهەمهاتنی میلانین: میلانین، بەرپرسە لە رەنگی پێست، بە زیادبوونی میلانین پێست تۆخ دەبێت واتە پەڵەی تۆخ دروستدەبێت، بەڵام ئەم ڤیتامینە بەرهەمهێنانی میلانین کەمدەکاتەوە و رێگریدەکات لە دروستبوونی پەڵەی تۆخ.
- رەشبوونەوەی ژێر چاو کەمدەکاتەوە: ڤیتامین سی دەکرێت یارمەتیی کاڵبوونەوەی رەشی ژێرچاو بدات، بەڵام لە هەندێک کەسدا دەبێتەهۆی هەستیاربوونی ژێرچاویان، هەربۆیە باشترە تەنیا ئەو بەرهەمانە بۆ ژێرچاو بەکاربهێنرێن کە تایبەتن بە ئەو ناوچەیە.
- یارمەتیی دروستبوونی کۆلاجین دەدات: کۆلاجین پڕۆتینێکی گرنگە کە رێگری لە دروستبوونی چرچیی پێست دەکات. لەگەڵ بەتەمەنچووندا، ئەم پڕۆتینە کەمدەبێتەوە، بەڵام بەکارهێنانی سیرەمی ڤیتامین سی وادەکات کۆلاجین زیاتر دروستبێت و پێستی کەسەکە بە گەنجی بمێنێتەوە.
- پێست لە شلبوونەوە دەپارێزێت: کۆلاجین بۆ توند هێشتنەوەی پێستیش گرنگە، هەربۆیە بە بەکارهێنانی ڤیتامین سی کۆلاجین زیاددەکات و رێگریدەکات لە شلبوونەوەی پێست و کەسەکە گەنجتر دەردەکەوێت.
- پێست لە زیانەکانی خۆر دەپارێزێت: تیشکی خۆر لە رێگەی چەند گەردیلەیەکەوە زیان بە پێست دەگەیەنێت، ئەو گەردیلانە ئەلیکترۆنیان کەمە، کاتێک ڤیتامین سی دەدرێت لە پێست، ئەو گەردیلە زیانبەخشانە ئەلیکترۆنیان دەست دەکەوێت و چیدی زیان بە پێست ناگەیەنن، واتە ڤیتامین سی تایبەتمەندیی دژەئۆکسێنی هەیە و پارێزگاری لە پێست دەکات.
- ڤیتامین سی یارمەتیی چاکبوونەوەی سووتانی پێست بەهۆی خۆرەوە دەدات: ڤیتامین سی یارمەتیی نوێبوونەوەی خانەکانی پێست دەدات. ئەم تایبەتمەندییە، ئەگەر ڤیتامین سییەکە لەگەڵ ڤیتامین ئیدا بەکاربهێنرێت، زیاتر دەردەکەوێت.
- یارمەتیی ساڕێژبوونەوەی برینی پێست دەدات: لەبەرئەوەی ڤیتامین سی تایبەتمەندیی دژەئۆکسێن و بەرهەمهێنانی کۆلاجینی هەیە، زۆر بەباشی یارمەتیی ساڕێژبوونەوەی برینەکان دەدات و رێگریدەکات لە دروستبوونی جێبرین.