د. هەڤاڵ ئەحمەد: ئەوەی شێوازی جوانکاریی لووت دیاریدەکات نە پزیشکە نە چارەخواز!

د. هەڤاڵ ئەحمەد، پزیشکی پسپۆڕی قوڕگ و لووت و گوێ، لە ستودیۆی کەناڵ8

کەناڵ8- سلێمانی

پزیشکێکی پسپۆڕ دەڵێت ئەوەی شێوازی جوانکاریی لووت دیاریدەکات نە پزیشکەکەیە نە چارەخوازەکە، بەڵکو هەڵکەوتەی رووخسار و پەیکەری لووتی چارەخوازەکەیە.

د. هەڤاڵ ئەحمەد، پزیشکی پسپۆڕی قوڕگ و لووت و گوێ، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵ8 دەڵێت "شێوازی روخسار، شێوە و پەیکەری لووت و رەگەزی چارەخوازەکە بڕیاردەدەن کە چ گۆڕانکارییەک لە لووتدا بکرێت بە مەبەستی جوانکاری". وەکو ئەو پزیشکە دەڵێت "بۆنموونە کونەلووتی گەورە بۆ خانمان پەسەندکراو نییە وەکو جوانکاری، کەوانەی لووت بۆ خانمان پەسەندکراوە و بۆ پیاوان کەمتر پەسەندە، هەروەها دەرکەوتەی گشتیی رووخسار و پێوانەی بەشەکانی، هەموو رۆڵیان هەیە لەوەی بڕیابدەین کامە گۆڕانکاری لە لووتەکەدا بکەین".

لەبارەی راددەی گۆڕانکاریی جوانکاری لە لووتەکەدا پاش نەشتەرگەری، د. هەڤاڵ دەڵێت "جوانی هەر خۆی رێژەییە و لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە جیاوازە، بەڵام بەگشتی لووتی زۆر گۆشتن و لووتی زۆر تەنک ئاستەمترن، لووتی مامناوەند لە هەردووکیان ئەگەری زیاترە دەرەنجامەکانی خوازراو بن".

پزیشکە پسپۆرەکە دەڵێت پەسەند نییە هەردوو نەشتەرگەریی گیرفانەکانی لووت (جیوب) و جوانکاریی لووت پێکەوە بکرێن و دەڵێت بەو پێیەی دوو نەشتەرگەریی تەواو جیاوازن، باشترە نێوانیان لانیکەم ساڵێک بێت "نەشتەرگەریی جوانکاری بەشێوەی نەشتەرگەریی کراوە دەکرێت، هی جیوب بە نازوورە، نەشتەرگەریی جیوب بۆ بەردانی کونیلەکانی جیوبەکان و خاوێنکردنەوەیان و رزگارکردنی کەسەکەیە لە لووتگیران، کەچی نەشتەرگەریی جوانکاری ئەگەری لووتگیران و ئاوسانی لووت زیاتردەکات".