چۆن گورچیلەی بەراز بۆ مرۆڤ دەبێت؟

رۆژی 16ی ئادار بۆ یەکەمجار گورچیلەی بەراز بۆ مرۆڤێکی زیندوو چێنرا

هێشتا دە رۆژ بەسەر چاندنەوەی یەکەم گورچیلەی بەرازدا بۆ مرۆڤێکی زیندوو تێنەپەڕیوە، بەڵام زاناکان گەشبینن بە ئەنجامە سەرەتاییەکان. ئەم نەشتەرگەریانە دەکرێت ببن بە سەرەتای بەدیهاتنی خەونی زانستی 'زینۆترانسپلانت' کە بریتییە لە گواستنەوەی ئەندامی جەستەی ئاژەڵ بۆ مرۆڤ.


ئەو پیاوەی گورچیلەی بەرازەکەی بۆ چێنرا، تەمەنی 62 ساڵە و نەخۆشیی دوا قۆناغی لەکارکەوتنی گورچیلەکانی هەبوو. ئێستا دۆخی جێگیرە و پزیشکەکانی نەشتەرگەرییەکە بە سەرکەوتوو دەبینن. هەرچەندە رێکخراوی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی تەنیا لە دۆخی ناچاریدا رێگە بەم نەشتەرگەریانە دەدات، بەڵام پزیشکان بە هیوان کە رێگەپێدانەکان فراوانتر بکرێن، چونکە دەبنە رزگارکەری ژیانی چەندین کەس کە نەخۆشییەکانیان چارەسەریان نییە و پێویستیان بە چاندنەوەی ئەندامێکی جەستەیانە، تەنیا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، نزیکەی 90 هەزار کەس لە نۆرەی چاندنەوەی گورچیلەدان و چاوەڕێی ئەندامێک دەکەن ژیانیان رزگاربکات، ساڵانەش زیاد لە 3 هەزار کەس لە چاوەڕوانیدا دەمرن و ئەندامەکانیان هەرگیز ناگات.

ئەم نەشتەرگەرییە چوار کاتژمێری خایاند، بەڵام چۆن ئەندامی جەستەی بەرازێک بە بێ هیچ گۆڕانکارییەک بۆ جەستەی مرۆڤ دەبێت؟ بێگومان نابێت! زاناکان، پێش چاندنی گورچیلەی بەرازەکە لە جەستەی سلایماندا، گۆڕانکارییان لە 69 جینی ئاژەڵەکەدا کردووە. پێشتر هەمان کۆمپانیا کە گۆڕانکاری لە جینەکانی بەرازەکەدا کردووە، ئەندامی دیکەی بەرازیان بە هەمان گۆڕانکارییەوە بۆ چەند مەیموونێک چاندووە، ئەنجامەکانیش باشبوون و مەیموونەکان چەند مانگێک بۆ چەند ساڵێك پاش نەشتەرگەرییەکە ژیاون، بۆیە ئومێدیان هەیە سلایمانیش پاش نەشتەرگەرییەکە تەمەنی درێژبێت .

ئەو جینانەی دەستکاریکران، سیانیان بەرپرسبوون لە دروستکردنی سێ جۆر شەکری جیاواز لەسەر خانەی بەرازەکان. ئەگەر ئەم گۆڕانکارییانە نەکرێن، سیستمی بەرگری جەستەی مرۆڤ هێرشدەکاتە سەر ئەم خانانە، چونکە وەک تەنی نامۆ مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات. حەوت جینی دیکەش زیادکران، چونکە بەرپرسن لە دروستکردنی ئەو پرۆتینانەی جەستەی مرۆڤ دروستیاندەکات بۆ ئەوەی جەستەی سلایمان ئەندامەکە رەتنەکاتەوە.

جیا لەو گۆڕانکاریانە، 59 گۆڕانکاری جێنەتیکی دیکەش کران بۆ ناچالاککردنی ئەو ڤایرۆسانەی پاش چاندنەوەی گورچیلەکە لە جەستەی مرۆڤدا ئەگەری چالاکبوونیان هەیە. یەکەم دڵی دەستکاریکراوی بەرازیش کە بۆ مرۆڤ چێنرا، ڤایرۆسێکی لاوازی تێدادەرکەوت، کە پزیشکەکان پێیانوایە رەنگە هۆکاربووبێت بۆ لەکارکەوتنی ئەندامەکە. یەکێک لە نادڵنیاییەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانییش سەبارەت بە پێدانی رەزامەندی تەواوەتی بۆ گواستنەوەی ئەندامی ئاژەڵان بۆ مرۆڤ وەک نەشتەرگەرییەکی رێپێدراو، ئەگەری چالاکبوون و کارابوونی ئەو تەنە زیانبەخشانەیە کە لە جەستەی ئاژەڵەکەدان و ئەگەری هەوکردن لە جەستەی مرۆڤدا زیاددەکەن.

پێش نەشتەرگەرییەکە، توێژەران نموونەی خوێنیان لە سلایمان، ئەندامانی خێزانەکەی و نەشتەرگەرەکان وەرگرت. ئەگەر دواتر سلایمان توشی هەوکردن ببێت، توێژەران دەتوانن خوێنی لێوەربگرنەوە بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی توشی هەوکردن بووە یان نا.  پشکنینەکان بەردەوام دەبن، چونکە توێژەران دەڵێن، "ئەم رێوشوێنانە ئێجگار گرنگن چونکە جەستەی بەرازێکی تەندروست جیاوازە لە مرۆڤێک کە سیستمی بەرگریی جەستەی لاواز بووە." هەرچەندە هیچ بەکتریا، ڤایرۆس و تەنێکی نامۆ دەستنیشاننەکران پێش چاندنی گورچیلەکە، بەڵام لەو کەسانەی سیستمی بەرگریی جەستەیان لاواز بووە، ئەگەری ئەوە هەیە دواتر دەربکەوێت و چالاکببێت. یەکێک لە ئەندامانی تیمی نەشتەرگەرییەکە گوتبووی: "نازانین کە چی نازانین."

گورچیلەی تەندروست لە جەستەی مرۆڤدا کاری پاککردنەوەی جەستەیە، میز دروستدەکات و یارمەتیی رێکخستنی فشاری خوێن دەدات. یەکێک لەو پێکهاتە کیمیاییانەی لە جەستەدا پێوانەی تەندروستیی گورچیلەکانی پێدەکرێت، کریاتینینە. تاوەکو پێوانەکەی بەرزتر بێت، واتا تەندروستیی گورچیلەکە خراپترە. د. کاوای، پزیشکی سەرەکیی نەشتەرگەرییەکە، گوتی: "کریاتینینی سلایمان 10 بوو، لە رۆژی چوارەمی پاش نەشتەرگەرییەکەدا بووە 2.4 و چاوەڕێین داببەزێت بۆ 1.5 کە رێژەی ئاساییە."



کاوای گوتیشی: "گورچیلەکە راستەوخۆ رەنگی بووە پەمەیی. جوانترین گورچیلەیە تا ئێستا بینیبێتم."